تەرمی سێ پێشمەرگە و ھاووڵاتییەك بە سەربڕاوی دۆزرانەوە
بە شەو رفێندراون
K24 - گەرمیان
ھەرێم جاف، پەیامنێری كوردستان24 لە گەرمیان رایگەیاند: "شەوی رابردوو ژمارەیەك چەكداری نەناسراو سێ پێشمەرگە و ھاووڵاتییەكیان لە گوندی یوسف بەگ لە سنووری قەزای خانەقین رفاندووە و شەھیدیان كردون".
سەرچاوەیەك لە پۆلیسی خانەقین كە نەیویست ناوی بنووسرێت بە كوردستان24 گوت: "شەوی رابردوو سێ پێشمەرگە و ھاووڵاتییەك پێكەوە بوونە، لەلایەن گرووپێكی چەكدار رفێندراون، دوای گەڕان و بەدواداچوون ھێزەكانی پۆلیس، بەرەبەیانی ئەمڕۆ تەرمی ھەرسێ پێشمەرگە و ئەو ھاووڵاتییەیان بە سەربڕاوی دۆزییەوە كە لەلایەن ئەو چەكدارانە شەھید كراون".
پەیامنێرمان گوتیشی: "ھێزە ئەمنییەكانی خانەقین ھیچ زانیارییەك لەبارەی ئەوە ناخەنەڕوو، كە ئەو چەكدارانە سەر كام گرووپی چەكدارین".
راشیگەیاند: "تەرمی ھەرسێ پێشمەرگە و ھاووڵاتییە كوردەكە رەوانەی پزیشكی دادوەری خانەقین كراون و دوای ئامادەكردنی راپۆرتی پزیشكی تەرمەكان رادەستی كەسوكاریان دەكرێنەوە".
ئەوەشی خستەڕوو: "لە دوای 16 ئۆكتۆبەرەوە رفاندن و كوشتن لە سنووری خانەقین رۆژانە بوونی ھەیە و زۆربەی ئەو كەسانەش دەڕفێندرێن و دەكوژرێن ھاووڵاتی كوردن".
لە دوای 16 ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 و كشانەوەی ھێزی پێشمەرگە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، كوشتن و رفاندن لەو ناوچانە زیادیكردووە.
ھ.م



