حكوومه‌تی نوێ چاوه‌ڕوانی "خۆفرۆشتنی په‌رله‌مانتارانه"
نرخی گواستنه‌وه‌ی په‌رله‌مانتار تا ملیۆنێك و 500 هه‌زار دۆلار رۆیشتووه
K24 - هه‌ولێر:
به‌رتیل و پۆست به‌خشینه‌وه پاڵی به پارته سیاسییه‌كان و ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی عێراقه‌وه ناوه، ده‌ستبه‌رداری ئه‌و هاوپه‌یمانێتیانه ببن كه گه‌یاندنییه په‌رله‌مان و چوونه‌ته پاڵ هێزی سیاسی دیكه‌وه. ره‌وشی سیاسی عێراق زۆر ئاڵۆز بووه‌و خه‌ریكه پرۆسه‌كه ده‌بێته گرێ كوێره. به‌تایبه‌تی له‌ژێر چه‌تری ئه‌و ململانێیانه‌ی كه‌وتووه‌ته نێوان موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در و سه‌رپه‌رشتیاری هاوپه‌یمانی سائیروون و قاسم سوله‌یمانی فه‌رمانداری فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران له پرسی پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراقدا.
دوای یه‌كه‌م دانیشتنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، ده‌رگای پارته سیاسییه‌كان به‌ڕووی سهنگهرگۆڕینی ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كان كرایه‌وه‌و ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی په‌رله‌مان هاوپه‌یمانێتی و پارته‌كانی خۆیان جێهێشتوو چوونه ریزی لایه‌نی دیكه‌وه. ئه‌و كاره‌شیان به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنی بڕیك پاره و پۆست له دامه‌زراوه‌كانی حكوومه‌تی داهاتووی عیراق كردووه.
ئه‌ندامێكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كه نه‌یویستووه ناوی بهینرێت به پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی عه‌ره‌بی پۆستی گوتووه: "سازش و فشاری سیاسی هه‌یه بۆ راكێشانی په‌رله‌مانتاران، بۆ ئه‌وه‌ی بچنه به‌ره‌ی ژماره‌یه‌ك كوتله‌ی دیاریكراوی سیاسی، ئه‌وه ته‌نها بۆ شیعه‌كان نییه، به‌ڵكو سوننه و كوردیشی گرتووه‌ته‌وه. هه‌موو پێكهاته و كوتله‌یه‌ك هه‌وڵ ده‌دات په‌رله‌مانتار له لایه‌نێكی دیكه‌وه په‌یوه‌ستی هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی خۆی بكات و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش هه‌وڵی به‌رتیل خستنه به‌رده‌میان ده‌درێت یان وه‌رگرتنی پۆست له دامه‌زراوێكی حكوومه‌تی داهاتووی عێراق".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره ده‌ڵێت: "یه‌كێك له‌و رێككه‌وتنه ژێر به ژێره سیاسیانه پاش ئه‌وه كراوه كه محه‌مه‌د كه‌ربولی سه‌ركرده‌ی یه‌كێتی هێزه‌كان له هه‌ڵبژاردن شكستیهێناوه، جه‌مال كه‌ربوولی برای، عه‌لی فه‌رحان كه له هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا سه‌ركه‌وتووه‌و به‌رپرسێكی حكوومییه له ئه‌نبار بانگهێشتی ئوردنی كردووه بۆ ئه‌وه‌ی قایلی بكات ده‌ست له ئه‌ندامێتی په‌رله‌مان هه‌ڵگرێت تا محه‌مه‌د كه‌ربوولی بچێته شوێنه‌كه‌ی، له به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا ملیۆنێك و 500 هه‌زار دۆلار وه‌ربگرێت و ببێته پارێزگاری ئه‌نبار. ئه‌وه‌ش به واقیعی روویدا كه‌ربوولی بووه ئه‌ندامی په‌رله‌مان و عه‌لی فه‌رحانیش كرایه پارێزگاری ئه‌نبار".
ره‌عد ده‌هله‌كی، سه‌ركرده له هاوپه‌یمانێتی نیشتمانی به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌یاد عه‌لاوی پێیوایه، عێراق به‌ره‌و نادیار هه‌نگاو ده‌نێت به‌هۆی ده‌ستوه‌ردانه‌كانی ئێران له كاروباری عێراق و سازشی به‌رپرسانیش كاریگه‌ری له‌سه‌ر پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراق درووستكردووه".
ده‌هله‌كی ده‌ڵیت: "ئێران رۆڵی بنه‌ڕه‌تی هه‌یه له‌و رووداوانه و فشار درووستكردن و سازشی سیاسی و هه‌ڕه‌شه‌كردن له په‌رله‌مانتاران، به‌تایبه‌تی هاوپه‌یمانێتی فه‌تح به سه‌رۆكایه‌تی هادی عامری كه ئێران پاڵپشتیان ده‌كات، سازش ده‌كه‌ن و په‌رله‌مانتاریش ده‌كڕن بۆ ئه‌وه‌ی ژماره‌ی ئه‌ندامانی به‌ره‌كه‌یان زیاتر بكه‌ن".
به‌رپرسێكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌ڵێت: "هاوپه‌یمانێتی چاكسازی و بونیادنانه‌وه به سه‌رپه‌رشتی هاوپه‌یمانی سائیروون، نزیكه‌ی 140 ئه‌ندام په‌رله‌مانیان كۆكردبووه‌وه، به‌ڵام ئه‌و ژماره‌یه زۆر جیاواز نه‌بووه له هاوپه‌یمانێتی بنیات به سه‌رۆكایه‌تی نووری مالیكی و هادی عامری كه 130 په‌رله‌مانتاریان له خۆیان كۆكردبووه‌وه. هه‌ر بۆیه هه‌ر یه‌ك له‌و هاوپه‌یمانێتیانه له هه‌وڵی راكێشانی هێزی سیاسی و په‌رله‌مانتارن بۆ ریزی هاوپه‌یمانێتییه‌كانیان بۆ ئه‌وه‌ی كوتله گه‌وره‌كه‌ی په‌رله‌مان درووست بكه‌ن".
ئه‌و به‌رپرسه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كه رێگه‌ی نه‌داوه ناوه‌كه‌ی بنووسرێت ده‌ڵێت: "ئه‌و به‌ره‌یه‌ی سه‌ركه‌وتوو بێت له كۆكردنه‌وه‌ی 165 په‌رله‌مانتار، ئه‌و حكوومه‌ت پێكده‌هێنێت. ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه ناوی كاندیده‌كه‌یان بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆكوه‌زیران پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئێستا ئه‌و پرۆسه‌یه ئاڵۆز بووه، چونكه ململانێكانی نێوان موقته‌دا سه‌در و به‌ره‌ی ئێرانی به سه‌رپه‌رشتی قاسم سوله‌یمانی، گه‌یشتوونه‌ته لوتكه".