هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ناوچه‌كه مانۆڕی سه‌ربازیان ئه‌نجامدا
فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندی ئه‌مه‌ریكا وێنه‌كانی بڵاوكرده‌وه

K24 - هه‌ولێر:
فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندی ئه‌مه‌ریكا وێنه‌ی مانۆڕێكی سه‌ربازیی هێزه‌كانیانی بڵاوكرده‌وه كه پێش چه‌ند رۆژێك له بنكه‌ی ته‌نه‌فی سه‌ربازی له رۆژهه‌ڵاتی شاری حمس و له‌سه‌ر سنووری سووریا و ئوردن و عێراق به‌ڕێوه‌چووه.
فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندی ئه‌مه‌ریكا له پێگه‌ی تایبه‌تی خۆیان له ئینته‌رنێت رایانگه‌یاند: "ئه‌و مانۆڕه رۆژی 7/9/2018 ئه‌نجامدراوه و ھێزی پیاده‌ی ده‌ریاوانی "مارێنز" كه ئۆپراسیۆن ئه‌نجام ده‌ده‌ن بۆ رێگه‌گرتن له گرژی نێوان هێزه‌كانی رژێمی ئه‌سه‌د و ئه‌و ھێزانه‌ی ئۆپۆزیسیۆن كه هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی پاڵپشتیان ده‌كه‌ن، به‌شدارییان تێداكردووه".
له وێنه‌كاندا ته‌قاندنی مووشه‌كی دژه تانك له جۆری "FGM-148"، و دابه‌زین به په‌ڕه‌شووت له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی ده‌بینرێت.
مانۆڕه‌كه له كاتژمێره‌كانی به‌یانی و شه‌ویش ئه‌نجامدراوه و چه‌كی جۆراوجۆریشی تێدا به‌كارهێنراوه وه‌ك دژه تانك و هاوه‌ن.






