حه‌لبووسی له‌سه‌ر كڕینی پۆسته‌كه‌ی هاته ده‌نگ
"به 169 ده‌نگ هه‌ڵبژێردرام نه‌ك ده‌نگی سه‌رجه‌م په‌رله‌مانتاران"
K24 - هه‌ولێر:
محه‌مه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 17/9/2018 وه‌ڵامی تۆمه‌تباركردنی به كڕینی پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراقی دایه‌وه‌و كه ده‌گووترا به‌هۆی رێككه‌وتنی ژێر به ژێر له‌گه‌ڵ چه‌ند لایه‌نێكی سیاسی ئه‌و پۆسته‌ی به 30 ملیۆن دۆلار كڕیووه.
حه‌لبووسی له دیدارێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی ئه‌لعێراقییه گوتوویه‌تی: "كه‌ناڵێكی ئاسمانی كه ناسراوه بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاری ناڕاست و جیاواز، له چوارچێوه‌ی هه‌ڵمه‌تی سوكایه‌تیكردن به كه‌سایه‌تییه‌كان، له‌وكاته‌وه‌ی پۆستی پارێزگاری ئه‌نبارم وه‌رگرت ده‌ستی به ھێرشكردن بۆ سه‌ر من كردووه".
حه‌لبووسی ده‌ڵێت: "من به 169 ده‌نگ بوومه سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق و به ته‌وافوق له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك هێزی سیاسی، ئه‌گه‌ر راستبووایه ئه‌و پۆسته‌م به پاره كڕیوه، ئه‌وكاته ده‌بوو ته‌واوی ده‌نگه‌كان به‌ده‌ستبهێنم".
ماوه‌یه‌ك له‌لایه‌ن چه‌ندین كه‌سایه‌تی سیاس و میدیا و چالاكوانانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه حه‌لبووسی به كڕینی پۆسته‌كه‌ی تۆمه‌تبار ده‌كرێت.