مه‌لا به‌ختیار مه‌رجی كاندیدبوونی به‌رهه‌م ساڵح بۆ سه‌رۆكایه‌تی كۆمار ئاشكرا ده‌كات
كاندیدبوونی خۆی بۆ سه‌رۆكایه‌تی كۆمار به مافی خۆی ده‌زانێت
K24 - سلێمانی:
دوای ته‌واوبوونی كۆبوونه‌وه‌ی نێوان برێت مه‌كگورك، نوێنه‌ری سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا له هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش له‌گه‌ڵ مه‌لا به‌ختیار لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، باس له كاندیدانی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار و بڕیاری یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ئه‌و پرسه درا.
برێت مه‌كگورك رایگه‌یاند، ئه‌وان پشتگیری له عێراقێكی خاوه‌ن سه‌روه‌ری ده‌كه‌ن و له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان له راوێژدان، بۆ ئه‌وه‌ی حكوومه‌ت له ماوه‌ی ده‌ستووری خۆیدا پێكبهێنرێت.
هاوكات رۆڵ و قاره‌مانێتی پێشمه‌رگه‌شی له شه‌ڕی داعش به‌رز نرخاند و دووپاتی له‌وه كرده‌وه، هه‌ماهه‌نگی نێوان هێزی پێشمه‌رگه و ئه‌مه‌ریكاش به‌رده‌وام ده‌بێت.
هه‌ر له‌و كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌دا، مه‌لا به‌ختیار رایگه‌یاند، یه‌كێتی له‌ناو خۆیدا و له‌گه‌ڵ پارتی‌یش له گفتوگۆی بهرپرسیارانهدایه بۆ ئه‌وه‌ی بڕیار له كاندیدی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار بده‌ن و دووپاتی له‌وه‌ش كرده‌وه، كاتی ئه‌وه هاتووه بڕیاری كۆتایی بدرێت.
جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه، ئه‌و لایه‌نه‌ی كه بۆی هه‌یه بڕیاری كۆتایی له باره‌ی كاندیدی یه‌كێتی بدات، سه‌ركردایه‌تی حزبه و ئه‌ویش له ماوه‌ی دوو رۆژی داهاتوو بۆ ئه‌و پرسه كۆده‌بێته‌وه.
مه‌لا به‌ختیار له باره‌ی كاندیدبوونی به‌رهه‌م ساڵح، بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار رایگه‌یاند، تا ئێستا بڕیاری فه‌رمی هاوپه‌یمانی نه‌دراوه بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه ناو یه‌كێتی و هه‌ر كاتێك به فه‌رمی بڕیاریاندا ده‌گه‌ڕێنه‌وه ناو یه‌كێتی، به‌رهه‌م ساڵح بۆی هه‌یه كاندید بێت.
هه‌ر له كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا، له باره‌ی كشانه‌وه‌ی خۆی له كاندیدبوونی بۆ سه‌رۆكایه‌تی كۆمار، روونی كرده‌وه، به قه‌ناعه‌تی خۆی بڕیار ده‌دات و گوتی: "مافی خۆمه كاندید بم".
ئ. م