شه‌ڕی دوو بنه‌ماڵه‌ی ناوچه‌ی سه‌نگه‌سه‌ر كوژراوی لێكه‌وته‌وه
"له‌سه‌ر پوش و پاوان بووه"

K24 - هه‌ولێر:
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی په‌یامنێری كوردستان 24 له ده‌ڤه‌ری راپه‌ڕین، شه‌ڕ له‌نێوان دوو بنەماڵەی هەردوو گوندی جەلکان و مەمکانی سەر بەناحیەی سەنگەسەر لەسەر پوش و پاوان روویداوه‌و به‌وهۆیه‌وه كه‌سێك كوژراوه و ده‌نگۆی كوژرانی كه‌سێكی دیكه‌ش بڵاوبووه‌ته‌وه.
بەگووتەی پۆلیسی ناوچه‌كه، گومان دەکرێ کەسێکی دیكه‌ش كوژرابێت كه پێشتر لەلایەن ئه‌و بنەماڵەیەی کوژراویان هەیە دەستگیرکرابوو، به‌ڵام ھێشتا ته‌رمه‌كه‌ی نه‌دۆزراوه‌ته‌وه.
گووتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین به كوردستان 24 راگه‌یاند: "كوژرانی كه‌سێك پشتڕاست ده‌كه‌ینه‌وه و دەنگۆی کوشتنی هاوڵاتییه‌کی دیكه‌ش هەیە بەڵام هێشتا روون نه‌بووه‌ته‌وه‌و ته‌رمه‌كه‌ی نه‌دۆزراوه‌ته‌وه و چاوەڕوانی وردەکاریی زیاترین. هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش لە شوێنی ڕوداوەکه بڵاوبوونەتەوە و لە هەوڵی کۆنترۆڵكردنی کێشەکەدان".
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان ئه‌و شه‌ڕه به‌هۆی كێشه‌یه‌كی كۆنه‌وه سه‌ریهه‌ڵداوه‌ته‌وه.