"فوئاد حسێن ركابه‌رێكی به‌ھێزی پۆستی سه‌رۆك كۆماره‌"

شه‌رقولئه‌وسه‌ت: ده‌نگێكی زۆر به‌ده‌ستده‌هێنێ

K24 - هه‌ولێر:

رۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌تی چاپی له‌نده‌ن له‌ راپۆرتێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، پارتی دیموكراتی كوردستان، فوئاد حسێن، سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستانی بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق كاندید كردووه‌ و ركابه‌رێكی به‌ھێزی به‌رهه‌م ساڵح ده‌بێت كه‌ پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ناو یه‌كێتی وه‌ك كاندیدی سه‌رۆك كۆمار دیاریكرا.

فوئاد حسێن له‌ ساڵی 2005ـه‌وه‌ سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان بووه‌و ساڵی 1949 له‌ خانه‌قین له‌ دایكبووه‌و خاوه‌ن بڕوانامه‌ی دكتۆرایه‌ و جگه‌ له‌ كوردی و عه‌ره‌بی، زمانی ئینگلیزی و فه‌ڕه‌نسی به‌ باشی ده‌زانێت، ئێستا پارتی بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆككۆمار كاندیدی كردووه‌و له‌ كاتێكدا ئه‌ندامی پارتی نییه‌".

شه‌رقولئه‌وسه‌ت نوسیوویه‌تی: "شرۆڤه‌كاران پێشبینی ده‌كه‌ن ركابه‌رێكی سه‌رسه‌ختی به‌رهه‌م ساڵح بێت كه‌ كاندیدی یه‌كێتییه‌ بۆ وه‌رگرتنی پۆسته‌كه‌ و ده‌نگێكی زۆر به‌ده‌ستبهێنێ".

له‌ راپۆرته‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌ "بڕیاربووه‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار بخرێته‌ به‌رنامه‌ی كاری رۆژی 25/9/2018ـی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه‌وه‌، به‌ڵام دوای سه‌ردانه‌كه‌ی محه‌مه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق بۆ هه‌ولێر و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و جێگره‌كه‌ی و ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی باڵای پارتی، به‌خێرایی گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ به‌غدا و دوای ئه‌ویش نێچیرڤان بارزانی، هه‌مان شه‌و به‌ سه‌ردانێكی له‌ ناكاو گه‌یشتووه‌ته‌ به‌غدا، پاش ئه‌وه‌ش بڕگه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆككۆمار به‌ته‌واوه‌تی له‌ به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ی په‌رله‌مانی عێراق ده‌رهێنراوه"‌.

 هه‌ر چه‌نده‌ ھێشتا پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ فه‌رمی كاندیدكردنی دكتۆر فوئاد حسێنی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار رانه‌گه‌یاندووه‌، به‌ڵام ته‌نانه‌ت له‌ دوایین به‌یاننامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتیدا ئاماژه‌ به‌وه‌دراوه‌ كه‌ ""ئێمە لە كۆبوونەوەكانمان لەگەڵ برایانی یەكێتی هەمیشە دووپاتمان كردۆتەوە كە ئەو پۆستە بەش و ئیستیحقاقی گەلی كوردستانە و هەرگیز تاپۆ و پاوانی حزبێكی دیاریكراو نییە".

لە راگەیەندراوەكەی مەكتەبی سیاسی پارتی ھاتبوو: "لە دوایین كۆبوونەوەشمان لە بارەگای كاك كۆسرەت جارێكی دیكە ئەم بابەتەمان لەگەڵ تاوتوێكردن، زۆر بە راشكاوی پێمان گووتن لەبەرئەوەی چەند جاری رابردوو پۆستی سەرۆك كۆمار لە لای یەكێتی بووە، پێمان باشە بۆ ئەم جارە پۆستەكە لە لایەن پارتییه‌وه‌ كاندیدی بۆ دیاری بكرێت و لەبەرامبەردا یەكێتی پۆست و ئیستحقاقی دیكە پڕبكاتەوە، بڕیاریش وابوو لە نێوخۆیاندا گفتوگۆی زیاتر لەسەر ئەم پرسە بكەن و دواتر وەڵاممان لێ بگێڕنەوە. بەڵام بە داخەوە لە بری ئەوە لە راگەیاندنەكانەوە بیستمان كە تاك لایەنە و بێ مشوەرەت لەگەڵ پارتی و لایەنەکانی دیکەی کوردستان و بێ گوێدانە داواكارییەكەی ئێمە، كاك بەرهەم ساڵحیان گەڕاندەوە نێو یەکێتی و کاندیدیان کرد بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، بۆیە جێی سەرسوڕمانە كە دەبیستین یەكێتی چوونی وەفدی ئێمە بۆ بەغدا بە هەڵوێستێكی تاك لایەنە دەزانێ".

لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكە مەكتەبی سیاسی پارتیدا ئاماژه‌ به‌وه‌درابوو: "لە راستیدا پێداگیریی یەكێتی لەسەر وەرگرتنی ئەو پۆستە هیچ بەهانەیەكی موقنعی نییە، ئەگەر باسی رێككەوتنی ساڵی 2005ـی نێوان سەرۆك بارزانی و مام جەلالی رەحمەتی دەكەن، ئەوا لە ئێستادا نە سەرۆك بارزانی سەرۆكی هەرێمە و نە پۆستەكە بۆ مام جەلالە و كۆی هەل و مەرجەكەش گۆڕاوە. جگە لەوەی زۆر لە بڕگەكانی ئەو رێككەوتنە چوار خاڵییە و تەنانەت رێككەوتنی ستراتیژی 2007 یش لە لایەن خودی یەكێتییەوە دەمێكە پشتگوێ خراون. خۆ ئەگەر ئیستحقاقی ئینتیخابییش پێوەر بێت، مەعلومە كە پارتی وەك هێزی براوەی یەكەم لە هەمووان موستەحەقترە بۆ وەرگرتنی پۆستی باڵا".

مەكتەبی سیاسی پارتی ده‌ڵێت: "ئێمە كە داوا دەكەین ئەمجارە پارتی پۆستی سەرۆككۆمار بگرێتە دەست، شەڕمان بۆ پلە و پایە نییە و رابردووش شاهیدە كە ئێمە هەرگیز خوازیاری پلە و پۆست نەبووین، بەڵام مەبەستمان ئەوەیە بە پشتیوانیی هەموو لایەك وا بكەین لەمەودوا ئەو پۆستە رۆڵ و كاریگەرییەكی باشتری هەبێت و داكۆكیكار بێت لە بەرژەوەندییەكانی كوردستان و بە كەڵكی میللەتەكەمان بێت نەك بێ كاریگەریی و بێ سوود بێت".

Fly Erbil Advertisment