لە رووداوێکی هاتووچۆدا 6 كەس برینداربوون
پۆلیسی ھاتووچۆ زانیاری لەبارەی رووداوەكە دەخاتەڕوو
K24 - گەرمیان
لە رووداوێكی ھاتووچۆدا لە دەڤەری گەرمیان 6 كەس برینداربوون.
لە راگەیاندراوێكدا پۆلیسی گەرمیان ئاشكرای كرد: "نیوەڕۆی ئەمڕۆ دوو شەمە رووداوێکی هاتووچۆ لەسەر رێگای کەلار- ناحییەی باوەنوور، نزیک گوندی تازەدێ روویدا، لەئەنجامدا شۆفێرێك و پێنج سەرنشین برینداربوون".
وەك لە راگەیەندراوەكەی پۆلیسی ھاتووچۆی گەرمیان ھاتووە: "دوای چارەسەری خێرا لەبەشی فریاکەوتنی شەهید هەژار لەکەلار یەکێك لە بریندارەکان بەهۆی سەختی برینەکەیەوە رەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی کراوەو ئەوانی دیكە لەبەشی فریاکەوتنی شەهیدهەژار چارەسەری پێویستیان بۆکراوەو باری تەندروستیان جێگیرە".



