سه‌رۆك بارزانى: پارتى ژماره‌يه‌كى زۆر گه‌وره‌يه‌ له‌ هاوكێشه‌كاندا و كه‌س ناتوانێت ته‌جاوزى بكات

سه‌رۆك وتارێك ئاراسته‌ ده‌كات

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى رايگه‌ياند، يه‌كڕيزى ناو ماڵى كورد مه‌رجى خۆى هه‌يه‌ و ده‌بێت ره‌چاوى بنه‌ما نشتمانى و نه‌ته‌وه‌ييه‌كان بكرێت. داواشى كرد، شه‌ڕ و ناكۆكى نێوان كورد و حكومه‌ته‌كانى به‌غدا نه‌كرێته‌ شه‌ڕى كورد و عه‌ره‌ب و خه‌ڵكى كوردستان ميواندارى ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ بكه‌ن كه‌ وه‌ك ئاواره‌ روويان له‌ هه‌رێم كردووه‌.

سه‌رۆك بارزانى له‌ كه‌رنه‌ڤاڵى گه‌وره‌ى بانگه‌شه‌ى پارتى ديموكراتى كوردستان له‌ ياريگه‌ى فه‌ره‌نسۆ هه‌ريرى شارى هه‌ولێر گوتيشى: ويستيان  و كه‌رامه‌تى ئێمه‌ بشكێنن. بۆيه‌ ئێمه‌ش بڕيارمان دا، بمرين و نه‌هێڵين نه‌ كه‌رامه‌تى ئێمه‌ بشكێت و نه‌ ئيراده‌مان بشكێت.

هه‌روه‌ها گوتى: سه‌نگى پارتى بۆ هه‌موو لايه‌ك ده‌ركه‌وت. مه‌علوميش بوو كه‌ پارتى ژماره‌يه‌كى زۆر گه‌وره‌يه‌ له‌ هاوكێشه‌كه‌دا و كه‌س ناتوانێت ته‌جاوزى بكات.

سه‌رۆك بارزانى داواشى له‌ جه‌ماوه‌رى كوردستان كرد، ده‌نگ به‌ پارتى بده‌ن و گوتى: ئێمه‌ ئه‌و به‌ڵێنه‌تان پێده‌ده‌ين، كه‌ هه‌ميشه‌ راستگۆ بين له‌گه‌ڵتان. به‌ڵێنتان پێده‌ده‌ين، ئه‌گه‌ر كه‌رامه‌ت و ئيراده‌ و سه‌روه‌رى ئێوه‌ كه‌وته‌ مه‌ترسى مردن هه‌ڵبژێرين و به‌رگريتان لێبكه‌ين. په‌يمانتان پێده‌ده‌ين هه‌رچى پێمان بكرێت بۆ خزمه‌تى ئێوه‌ درێغى نه‌كه‌ين.

ده‌قى وتارى سه‌رۆك بارزانى

به‌ ناوى خوداى گه‌وره‌ و ميهره‌بان

خوشك و برايانى به‌ڕێز

خۆشه‌ويستان

جه‌ماوه‌رى خۆڕاگر..

له‌م رۆژه‌ پيرۆزه‌دا، كه‌ ساڵى پار، وه‌ك ئه‌مڕۆ بڕيارتان له‌ چاره‌نووسى خۆتان دا و مێژووتان تۆمار كرد. پيرۆزبايى ئه‌و رۆژه‌تان لێده‌كه‌م و سوپاسى وه‌فا و دڵسۆزى و خۆڕاگريتان ده‌كه‌م. ئه‌و په‌نجانه‌تان ماچ ده‌كه‌م، كه‌ ئه‌و رۆژه‌ مۆرتان كرد.

به‌ڕێزان..

مافێكى ياسايى و سرووشتى هه‌موو گه‌لێكه‌ بڕيار له‌ چاره‌نووسى خۆى بدات. ئێوه‌ش ساڵى پار وه‌ك ئێمه‌ بڕيارتان له‌ چاره‌نووسى خۆتان دا. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ خراپ ته‌فسير كرا. ده‌بوايه‌ پرسيار له‌ ئێوه‌ بكرێت، ئه‌رێ بۆ ئه‌و بڕياره‌تان دا، ئه‌رێ ده‌ردى ئێوه‌ چييه‌، له‌ جياتى ئه‌وه‌ى بێن قه‌ره‌بووى كه‌سوكارى ئه‌نفال و كيميايباران و ئه‌نفال و خه‌ڵكى ده‌ربه‌ده‌ر بكه‌نه‌وه‌، كه‌چى هه‌وڵياندا سزاى قورستر بخه‌نه‌ سه‌ر ئه‌م خه‌ڵكه‌. تاوان نه‌بوو خه‌ڵك بڵێت ده‌مه‌وێت ئاوا بژين. ده‌بوايه‌ په‌نا ببرێته‌ به‌ر گفتوگۆ و ئه‌وه‌ خواستى ئێمه‌ بوو. كه‌س نه‌يوتبوو، ئێمه‌ رۆژێك دواتر سه‌ربه‌خۆيى راده‌گه‌يه‌نين. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ جارێكى ديكه‌ ده‌ڵێم خراپ ته‌فسير كرا و سوئى ئيستيفاده‌ له‌و رۆژه‌ كرا. ئێمه‌ پێمان وايه‌، به‌ هيچ شێوه‌يه‌ك خيلافى ده‌ستوور هه‌نگاومان نه‌ناوه‌.

 له‌ ده‌ستووردا هاتووه‌، (ان الالتزام بهذا الدستور يحفظ للعراق اتحاده‌ الحر)، ئه‌گه‌ر ده‌ستوور جێبه‌جێكرابا، په‌نامان نه‌ده‌برد بۆ ريفرامدۆم. به‌ڵام هه‌موو ده‌رگايه‌كيان قه‌پات كرد. هيچ ئومێدێكيان نه‌هێشته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى پێكه‌وه‌ بژين و شه‌ريك بين. له‌وه‌ش ده‌رچوو، كه‌ سزامان بده‌ن، هه‌ندێك له‌ هه‌موو سنووره‌كانيان به‌زاند. ويستيان ئيراده‌ى ئێمه‌ بشكێنن، كه‌رامه‌تى ئێمه‌ بشكێنن. بۆيه‌ ئێمه‌ش بڕيارمان دا، بمرين و نه‌هێڵين نه‌ كه‌رامه‌تى ئێمه‌ بشكێت و نه‌ ئيراده‌مان بشكێت.

سوپاس بۆ ئێوه‌ى خۆڕاگر و دڵسۆزى و وه‌فادارى ئێوه‌. سوپاس بۆ پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان. به‌ڵام ئه‌م ئه‌زموونه‌ش وه‌كو هه‌موو ئه‌زموونه‌كانى پێشتر ده‌ركه‌وت، كه‌ به‌ ئاسن و ئاگر و شه‌ڕ چاره‌سه‌رى كێشه‌ى كورد ناكرێت. ده‌بێت به‌ له‌يه‌ك تێگه‌يشتن و قه‌ناعه‌تى هاوبه‌ش و گفتوگۆ و رێز له‌يه‌ك گرتن بێت. ئێمه‌ ئه‌وسا و ئێستا و له‌ ئاينده‌ش، داكۆكى له‌سه‌ر بژارى خۆمان ده‌كه‌ين، كه‌ ئاشتيى و درێژكردنى ده‌ستى برايه‌تييه‌ بۆ هه‌موو لايه‌ك. ئه‌وه‌ى كه‌ به‌ ديالۆگ و لێك تێگه‌يشتن و هاوكارى به‌ده‌ست هه‌ردوولا دێت، سه‌د ساڵيش به‌ شه‌ڕ نه‌ به‌ده‌ست ئێمه‌ دێت و نه‌ به‌ ده‌ستى ئه‌وان دێت. ئێستاش ده‌رفه‌تێكى تازه‌ هاتووه‌ته‌ پێش، به‌ تايبه‌تى دواى هه‌ڵبژاردنى 12ى ئايارى رابردوو، هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى فيدراڵى له‌ به‌غدا، له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا، زۆر كه‌س وايان ده‌زانى كۆتايى پارتييه‌. به‌ڵام به‌ هيمه‌تى ئێوه‌ى تێكۆشه‌ر و وه‌فادار، پارتى په‌روه‌ر، توانيتان پارته‌كه‌تان بكه‌ن به‌‌ پارتى ژماره‌ يه‌ك له‌ سه‌ر ئاستى هه‌موو عێراق. سه‌نگى پارتى بۆ هه‌موو لايه‌ك ده‌ركه‌وت. مه‌علوميش بوو كه‌ پارتى ژماره‌يه‌كى زۆر گه‌وره‌يه‌ له‌ هاوكێشه‌كه‌دا و كه‌س ناتوانێت ته‌جاوزى بكات.

هه‌ڤاڵينه‌..

به‌ راستى من ترسم زۆر بوو. كه‌ ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌ى دژ به‌ كورد كه‌ هه‌ندێك به‌رپرس ده‌يانويست بيكه‌نه‌ فه‌رهه‌نگى شه‌قامى عه‌ره‌بى له‌ عێراق، نه‌وه‌ك سه‌ربگرێت. به‌ڵام له‌ هه‌ڵبژاردنى 12ى ئاياردا گه‌لى عێراق سزاى هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ يان به‌شى هه‌ره‌ زۆرى ئه‌و كه‌سانه‌يان دا، كه‌ ده‌يانويست له‌سه‌ر حسابى دژايه‌تيكردنى خه‌ڵكى كوردستان و مافى خه‌ڵكى كوردستان خۆيان بكه‌ن به‌ پاڵه‌وان، به‌ڵام سزا دران له‌ لايه‌ن گه‌لى عێراقه‌وه‌ و سوپاس بۆ گه‌لى عێراق. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ى گه‌لى عێراق كاريگه‌رييه‌كى زۆر زۆر گه‌وره‌ى هه‌بوو له‌سه‌ر ئێمه‌. لێره‌دا به‌ بير خۆم و ئێوه‌ و به‌ بيرى به‌غداش ده‌هێنمه‌وه‌، كه‌ راسپارده‌ و حيكمه‌تى جه‌نابى بارزانى، كه‌ هه‌ميشه‌ ته‌وسييه‌ى ده‌كرد، شه‌ڕ له‌گه‌ڵ حكومه‌ت ماناى ئه‌وه‌ نييه‌ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ميله‌ت بێت و شه‌ڕى نێوان دوو ميله‌ت كوفره‌ و تاوانه‌. هيچ كاتێك ئێمه‌ رێگه‌ ناده‌ين ناكۆكى ئێمه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تێك ببێته‌ شه‌ڕ و ناكۆكى نێوان گه‌لى كورد و عه‌ره‌ب، يان گه‌لێكى ديكه‌. حكومه‌ت دێن و ده‌ڕۆن، به‌ڵام ميله‌تان ده‌مێنن. ئه‌مه‌ سياسه‌تى نه‌گۆڕى پارتى بووه‌ هه‌ر له‌ رۆژى دامه‌زراندنييه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ و بۆ هه‌ميشه‌ هه‌ر ئه‌و سياسه‌ته‌ى ده‌بێت.

من لێره‌دا، داوا له‌ هه‌موو خوشك و برايانى به‌ڕێز له‌ سه‌رتاسه‌رى كوردستان ده‌كه‌م، ئه‌و برا عه‌ره‌بانه‌ى ناچار بوون و ئاواره‌ ببن و بێن بۆ كوردستان و شوێنى خۆيان له‌به‌ر نه‌بوونى خزمه‌تگوزارى و تيرۆر به‌جێهێشتووه‌ و تا خۆيان قه‌ناعه‌ت ده‌كه‌ن و بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ شوێنى خۆيان و تا له‌ كوردستان بن، ئه‌وپه‌ڕى رێزيان لێبگرن و حساب بكه‌ن هه‌موويان كه‌سوكارى خۆمانن. بۆ ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ داوا له‌ هه‌ولێر و به‌غدا ده‌كه‌م ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ له‌ ده‌ست نه‌ده‌ن و هه‌موو كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى ته‌وافق و ته‌وازن و به‌ گوێره‌ى ده‌ستوور كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن. چونكه‌ ده‌رفه‌تێكى ديكه‌شمان بۆ هاته‌ پێش، له‌ كاتى رزگاركردنى مووسڵ، كه‌ به‌ خوێنى پێشمه‌رگه‌ رێگه‌ خۆشكرا بۆ ئه‌وه‌ى مووسڵ رزگار بكرێت و ده‌رفه‌تێكى زێڕين هاته‌ پێش، به‌ڵام به‌رپرسانى به‌غدا تێكياندا، با ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ له‌ ده‌ست نه‌چێت. ئێمه‌ تا پێكه‌وه‌ين ده‌بێت برا و دۆست و هاوكارى يه‌ك بين. پێش چه‌ند رۆژێك من له‌گه‌ڵ فراكسيۆنى پارتى له‌ په‌رله‌مانى به‌غدا دانيشتم و داوام لێكردن چۆن به‌رگرى له‌ مافى خه‌ڵكى كوردستان بكه‌ن، ئاواش به‌رگرى له‌ مافى هاووڵاتيانى ترى عێراقيش له‌ به‌سره‌، نه‌جه‌ف، رومادى و به‌غدا بكه‌ن و خۆيان به‌ به‌رگريكارى ئه‌ساسى بۆ مافى ئه‌وانيش بزانن.

به‌رگرى له‌ مافى برايانى توركمان، كلدان، ئاشوورى، سريان و ئه‌رمه‌ن بكه‌ن. به‌رگرى له‌ بيروڕاى ئازادى سياسى و ئاينى و مه‌زهه‌بى بكه‌ن.

به‌ نسبه‌تى په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و ده‌ره‌وه‌، وه‌ك ده‌بينين، حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان سه‌ركه‌وتوو بوو له‌ درووستكردنه‌وه‌ى په‌يوه‌ندييه‌كان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و ده‌ره‌وه‌ و هيوادارين رۆژ به‌ رۆژ ئه‌و په‌يوه‌ندييانه‌ به‌ره‌و پێشتر و باشتر بچن.

زۆر باسى يه‌كڕيزى و ناوماڵى كورد ده‌كرێت، وابزانم هه‌مووتان شاهێدن، زۆرمان كرد بۆ ئه‌وه‌ى ناوماڵى كورد رێك بێت و يه‌كڕيز بێت. پارتى له‌ زۆر له‌ مافه‌كانى خۆى خۆش بوو، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و يه‌كڕيزييه‌ بپارێزێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هيچ جێى نه‌گرت. به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ دژى پارتيش به‌كارهێنران. ناوماڵى كورد و يه‌كڕيزى كورديش مه‌رجى خۆى هه‌يه‌.

هه‌ڤاڵينه‌..

بنه‌ماى نيشتمانى و نه‌ته‌وه‌يى هه‌يه‌، كه نه‌گۆڕن، ئه‌و بنه‌مايانه‌ وه‌ك چه‌ترێكن بۆ هه‌موومان، كاتێك له‌و بنه‌مايانه‌ لادرا ماناى ئه‌وه‌يه‌ يه‌كڕيزى كورد و ناو ماڵى كورد تێكدرا، هه‌ر وه‌ك له‌ شازده‌ى ئۆكتۆبه‌ر روويدا. يه‌كڕيزى و ته‌بايى ناو ماڵى كورد ده‌بێت پابه‌ندى ئه‌و بنه‌مايانه‌ بن، كه‌ نيشتمانين و نه‌ته‌وه‌يين. ئه‌مه‌ بنچينه‌يه‌.

هه‌ڤاڵان..

چه‌ند رۆژێكمان ماوه‌ بۆ تۆماركردنى مێژووييه‌كى ديكه‌ى پڕ له‌ سه‌روه‌رى. له‌ 30ى ئه‌م مانگه‌ رۆژى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستانه‌. رۆژێكى چاره‌نووسسازه‌. رۆژێكه‌ كه‌ ئێوه‌ بڕيار ده‌ده‌ن. ئايا ده‌تانه‌وێت كوردستانى ئێوه‌ چۆن بێت، ئه‌من و ئاسايش به‌رقه‌رار بێت تێيدا، به‌خته‌وه‌رى و ئاوه‌دانى به‌رقه‌رار بێت، من دڵنيام ئێوه‌ ئه‌وه‌تان ده‌وێت، بۆيه‌ داواتان لێده‌كه‌م، ئه‌و رۆژه‌ هه‌موومان په‌يمان دووباره‌ بكه‌ينه‌وه‌، له‌گه‌ڵ شه‌هيده‌كانمان وه‌فادار بين به‌ خوێنى ئه‌و شه‌هيدانه‌ و ده‌نگ به‌ ليستى 183 بده‌ين.

بۆ ئه‌وه‌ى گۆڕانكارى گه‌وره‌ بكرێت، چاكسازى هه‌مه‌لايه‌نه‌ بكرێت، من له‌و باوه‌ڕه‌دام ئێوه‌ له‌ رۆژى 30ى مانگ، ده‌چنه‌ سه‌ر سندووقه‌كان و ده‌يسه‌لمێنن، هه‌ولێر هه‌ر هه‌ولێره‌. ئێمه‌ ئه‌و به‌ڵێنه‌تان پێده‌ده‌ين، كه‌ هه‌ميشه‌ راستگۆ بين له‌گه‌ڵتان. به‌ڵێنتان پێده‌ده‌ين، ئه‌گه‌ر كه‌رامه‌ت و ئيراده‌ و سه‌روه‌رى ئێوه‌ كه‌وته‌ مه‌ترسى مردن هه‌ڵبژێرين و به‌رگريتان لێبكه‌ين. په‌يمانتان پێده‌ده‌ين هه‌رچى پێمان بكرێت بۆ خزمه‌تى ئێوه‌ درێغى نه‌كه‌ين.

له‌ كۆتاييدا سڵاوى گه‌رم ده‌نێرم بۆ ئێوه‌ى خۆشه‌ويست و خۆڕاگر، سڵاو ده‌نێرين بۆ گيانى پاكى شه‌هيدان، سڵاو بۆ پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان. داواتان لێده‌كه‌م، بڕواتان به‌ خۆتان و ئاينده‌ى خۆتان بێت. بڕواتان به‌ سه‌ركه‌وتنى گه‌وره‌ هه‌بێت. بڕواتان به‌ پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانتان بێت. ده‌بێت هه‌ميشه‌ ئاماده‌ بين به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بچين و خۆ نه‌چه‌مێنين.

ئ.ر