ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێت ئه‌سه‌د به ده‌ردی مالیكی ببرێت
ئه‌مه‌ریكا بۆ سێ ئامانج له سووریا ده‌مێنێته‌وه

K24 - هه‌ولێر:
نێردراوی نوێی ئه‌مه‌ریكا بۆ سووریایه، پێیوایه وه‌ك چۆن نووری مالیكی سه‌رۆكوه‌زیرانی پێشووی عێراق له ده‌سه‌ڵات لادراوه، ده‌توانرێت به‌شار ئه‌سه‌دی سه‌رۆكی سووریاش له ده‌سه‌ڵات دووربخرێته‌وه.
جیمس جیفری، نێرده‌ی نوێی ئه‌مه‌ریكا بۆ سووریا، گه‌شبینی خۆی به سه‌ركه‌وتنی رێككه‌وتنی سۆچی نێوان رووسیا و توركیاش له‌باره‌ی كێشه‌ی ئیدلب ده‌ربڕیوه‌و ده‌ڵێت: "پاش شه‌ڕ له سووریا تا راده‌یه‌ك راوه‌ستاوه، ده‌توانرێت ده‌رفه‌تی گفتوگۆكردن له‌باره‌ی چۆنێتی رۆیشتن بۆ پرۆسه‌ی سیاسی بڕه‌خسێت و ده‌ستوورێكی نوێ و هه‌ڵبژاردن له‌و وڵاته‌دا ئه‌نجام بدرێت".
نێردراوی ئه‌مه‌ریكا بۆ سووریا گوتوویه‌تی: "هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له سووریا ده‌مێننه‌وه، به‌ڵام وه‌ك ھێزێكی داگیركه‌ر نا، به‌ڵكو بۆ سێ ئامانج. ئه‌ویش بۆ كۆتاییهێنان به داعش و رێگه‌نه‌دان به ده‌ركه‌وتنه‌وه‌یان جارێكی دیكه. ده‌ركردنی هێزه‌كانی سه‌ر به ئێران له سووریا، ئه‌وه‌ش پاش كۆتاییهاتنی جه‌نگ له سووریا جێبه‌جێ ده‌بێت، هه‌روه‌ها ده‌سته‌به‌ركردنی پرۆسه‌ی سیاسی كه ببێته هۆی پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی ده‌ستووری و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن و چاره‌سه‌رێكی سیاسی بۆ كێشه‌كانی سووریا بێته ئاراوه كه پشت به بڕیاره‌كانی جنێڤ و ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی ژماره 2254 ببه‌ستبێت، بۆ ئه‌و ئامانجه‌ش واشنتن له‌گه‌ڵ مۆسكۆ كار ده‌كات".
له میانی به‌شداریكردنی له كۆبوونه‌وه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له نیویۆرك، جێفری گوتوویه‌تی: "رۆژی پێنجشه‌ممه كۆبوونه‌وه‌یه‌كی وه‌زاری بۆ گفتوگۆكردن له‌باره‌ی ره‌وشی مرۆیی و ئاسانكاریكردن بۆ هه‌نگاوه‌كانی داهاتوو و گۆڕینی له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سه‌ربازییه‌وه بۆ پرۆسه‌ی سیاسی ئه‌نجام ده‌درێت".
هه‌روه‌ها گووتی: "باوه‌ڕموایه ده‌كرێت به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رۆكی سووریا له رێگه‌ی پرۆسه‌یه‌كی ده‌ستوورییه‌وه له ده‌سه‌ڵات دووربخرێته‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر به نووری مالیكی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق كرا و به رێگه‌ی ده‌ستوور له پۆسته‌كه‌ی دوورخرایه‌وه، چونكه نه‌یتوانیبوو رێگه له داعش بگرێت و ناوچه‌یه‌كی فراوانی خاكی عێراقیان داگیركردبوو".