"هێزه عێراقییه‌كان پێشوازی له كاندیده‌كه‌ی پارتی ده‌كه‌ن"
شاندێكی پارتی له به‌غدا له‌گه‌ڵ هادی عامری كۆبوونه‌وه

K24 - به‌غدا:
دكتۆر فوئاد حوسێن، كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان و شاندێكی ئه‌و حزبه له به‌غدا، له‌گه‌ڵ هادی عامری، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی فه‌تح كۆبوونه‌وه و ئه‌ندامێكی شانده‌كه‌ی پارتی‌یش رایگه‌یاند، زۆربه‌ی هێزه عێراقییه‌كان پێشوازی له كاندیده‌كه‌ی پارتی ده‌كه‌ن، بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆككۆماری عێراق.
شوان محه‌مه‌د ته‌ها، به‌رپرسی لقی 5ی پارتی له به‌غدا، له باره‌ی ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه، بۆ وێبسایتی كوردستان 24 ئاشكرای كرد، كۆبوونه‌وه‌كان له چوارچێوه‌ی هه‌وڵه‌كانی بۆ سه‌رخستنی كاندیده‌كه‌ی بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆككۆمار، به‌رده‌وام ده‌بێت و هه‌ر ئه‌مڕۆش سه‌ردانی چه‌ند لایه‌نێكی دیكه‌ش ده‌كه‌ن.
روونیشی كرده‌وه، به‌هۆی پێگه‌ی به‌هێزی پارتی له هه‌رێمی كوردستان و له سه‌ر ئاستی عێراقیش كه حزبی یه‌كه‌مه، به‌شێك له‌لایه‌نه‌كان پێشوازی له كاندیده‌كه‌ی پارتی ده‌كه‌ن و هه‌ندێكیش پێیانوایه، كورد یه‌ك كاندیدی هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی له داهاتوو هیچ گرفتێكیان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی دیكه بۆ درووست نه‌بێت، كه كاندیدیان هه‌یه.
پارتی وێڕای ئه‌وه‌ی پۆسته‌كه به‌هی كورد ده‌زانێت، دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه، به گوێره‌ی شایسته‌ی هه‌ڵبژاردن ئه‌و پۆسته هی ئه‌وانه، به‌و پێیه‌ی زۆرترین ده‌نگیان هێناوه و له‌سه‌ر ئاستی عێراقیش وه‌كو حزب، یه‌كه‌مه.
ئه‌و به‌رپرسه‌ی پارتی دووپاتی له‌وه‌شكرده‌وه، ئه‌گه‌ر كاندیدی پارتی ببێته سه‌رۆككۆمار، رۆڵی ئه‌رێنی ده‌بێت له چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و پێشتریش ئه‌و هه‌وڵه تاقینه‌كراوه‌ته‌وه.
ئه‌و به‌رپرسه‌ی پارتی كه به‌شداری له كۆبوونه‌وه‌كانی پارتی ده‌كات، راشیگه‌یاند، وه‌ك پێشنیازێك پێیان باشه، ته‌واوی فراكسیۆنه كوردییه‌كان و په‌رله‌مانتاره كورده‌كان له به‌غدا، به‌ر له كۆبوونه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی كاندیدی سه‌رۆككۆمار، كۆببنه‌وه و كه‌سێك له‌ناوخۆیان هه‌ڵبژێرن بۆ ئه‌وه‌ی ببێته تاكه كاندیدی كورد بۆ ئه‌و پۆسته.
ئ. م