سووریا بە مووشەکی ئێس- 300 ئیسرائیل دەترسێنێت

با ئیتر ئیسرائیل دووجار بیربکاتەوە کاتێک ویستی هێرشبکات

K24- هه‌ولێر:

ئێستا کە رژێمی سووریا پشتی بە سیستمی بەرگری موشەکی ئێس- 300 قایمە، سووریا ئامۆژگاری ئیسرائیل دەکات چیدی وەک پێشوو هێرش نەکاتە  سەر سووریا.

فەیسەڵ میقداد، جێگری وەزیری دەرەوەی سووریا، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی زینوای چینی هۆشداری دایە سوپای ئیسرائیل و رایگەیاند: "ئیسرائیل پێشتر بە بیانووی جیاواز هێرشی دەکردە سەر سووریا، بەڵام گەر ئەمجارە بیەوێت هێرشبکات، دەبێت باشتر بە بڕیارەکەیدا بچێتەوە".

جێگری وەزیری دەرەوەی سووریا دەشڵێت: "لێگەڕێن با ئیسرائیل هێرشبکات، ئێمە بەرگری لەخۆمان دەکەین وەک ئەوەی هەمیشە کردوومانە".

دوای کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی سەربازی رووسی لە ئاسمانی سووریادا، مۆسکۆ ئیسرائیلی تۆمەتبارکرد و بڕیاریدا لەماوەی دوو هەفتەدا، سیستمی بەرگری مووشەکی رووسی بداتە رژێمی سووریا.

لە نوێترین لێدوانیاندا، بەرپرسانی ئیسرائیل رایانگەیاند، ئەوان بەردەوام دەبن لە هێرشەکانیان بۆ سەر خاکی سووریا، بەڵام "بە هەماهەنگی لەگەڵ رووسیا".

H.J

Fly Erbil Advertisment