فوئاد حسێن وه‌ڵامی تۆمه‌تێك ده‌داته‌وه
"ئێمه قوتابی پۆست و كورسی نین، قوتابی پرهنسیپهكانمانین"

K24 - هه‌ولێر:
فوئاد حسێن، كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ پۆستی سه‌رۆككۆماری عێراق، له دیدارێكی ته‌له‌ڤزیۆنیدا وه‌ڵامی ئه‌و هه‌واڵانه‌ی دایه‌وه كه باسی هه‌وڵه‌كانی پارتی به سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆك بارزانی ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن هه‌وڵ بۆ ئه‌وه ده‌ده‌ن له رێگه‌ی سهرۆككۆمارهوه كۆنترۆڵی به‌غدا بكه‌ن.
فوئاد حسێن ده‌ڵێت: "ئه‌و متمانه‌یه‌م پێدراوه، پشت به خوا له په‌رله‌مانیش متمانه‌م پێده‌درێ و له خزمه‌تی هه‌موواندا ده‌بین، له خزمه‌تی رۆڵه‌كانی گه‌لی عێراق ده‌بین به هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه، له خزمه‌تی خه‌ڵكی به‌سره‌ی خۆشه‌ویست، به‌سره و خه‌ڵكی به‌سره لای ئێمه ئازیزن، له خزمه‌تی خه‌ڵكی مووسڵ ده‌بین، بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "زۆربه‌ی ئاواره‌كان له كوردستانن و مافی گه‌ڕانه‌وه‌یان هه‌یه بۆ ناوچه و شوێنه‌كانی خۆیان، له خزمه‌تی ئاواره‌كان و سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی گه‌لانی عێراق ده‌بین له‌گه‌ڵ كوردستانیش هه‌روه‌ها ئه‌نبار و به‌غدا".
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد: "بۆ ئه‌وه نه‌هاتووینه‌ته به‌غدا تا به‌غدا كۆنترۆڵ بكه‌ین، ئێمه قوتابی پۆست و قوتابی كورسی نین، ئێمه قوتابی پره‌نسیپ و مهبادیئهكانمانین، ئه‌ویش له‌سه‌رمان ده‌سه‌پێنێت له خزمه‌تی هه‌موواندا بین".
ئه‌و قسانه‌ی كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سه‌رۆككۆماری عێراق پاش ئه‌وه‌بوو كه په‌رله‌مانتارێكی پێشووی عێراق به‌ناوی عه‌بدولڕه‌حمان لوهیزی رۆژی پێنجشه‌ممه 27/9/2018 نوسیبووی: "كاندیدكردنی فوئاد حسێن له چوارچێوه‌ی پلانێكی مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستاندایه بۆ ئه‌وه‌ی به دوو قۆناخ حكوومه‌تی داهاتووی عێراق كۆنترۆڵ و بێ ئیراده بكات".