"میحوه‌ری وه‌ته‌نی" پشتیوانی خۆی بۆ هه‌ڵوێسته‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی راگه‌یاند

K24 - هه‌ولێر:
هاوپه‌یمانی "میحوه‌ری وه‌ته‌نی" ئه‌مڕۆ شه‌ممه له راگه‌یه‌ندراوێكدا، پشتیوانی خۆی بۆ هه‌ڵوێسته‌كه‌ی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، بۆ دیاریكردنی كاندیدێك بۆ پۆستی سه‌رۆككۆمار، راگه‌یاند.
سه‌رۆك بارزانی، شه‌وی رابردوو له په‌یامێكدا، هه‌ڵوێستی خۆی له باره‌ی كاندیدانی سه‌رۆككۆماری عێراق راگه‌یاند و روونی كرده‌وه، وای به‌باش ده‌زانن فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان له‌ناوخۆیان كاندیدێك بۆ پۆستی سه‌رۆككۆمار هه‌ڵبژێرن، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و بڕیاره هه‌ر له‌لای فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان بمێنێته‌وه و كوردیش یه‌ك كاندیدی هه‌بێت بۆ ئه‌و پۆسته.
ئه‌مڕۆ هاوپه‌یمانی میحوه‌ری وه‌ته‌نی، له راگه‌یه‌ندراوێكدا، پشتگیری خۆیان بۆ هه‌ڵوێسته‌ی بارزانی ده‌ربڕی و رایده‌گه‌یه‌نن " پێویسته هێزه سیاسییه كوردستانییه‌كان له‌سه‌ر دیاریكردنی یه‌ك كاندید بۆ پۆستی سه‌رۆككۆمار رێكبكه‌ون".
ميحوه‌ری وه‌ته‌نی دووپاتیش له‌وه ده‌كاته‌وه، پابه‌ندبوونی هاوبه‌شه‌كانی نیشتمان، به ئیستیحقاقاتی ده‌ستووری و ماوه دیاریكراوه‌كان، بنه‌مایه‌كی سه‌ره‌كی پرۆسه‌ی درووستكردنی ده‌وڵه‌تی دامه‌زراوه‌ییه و لادانی كۆسپه‌كانی به‌رده‌م دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت و گه‌شه‌سه‌ندنه، كه گه‌لی عێراق له قۆناغی داهاتوودا هه‌وڵی بۆ ده‌دات.
تا ئێستا هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان، له‌سه‌ر كاندیدكردنی كه‌سێك بۆ پۆستی سه‌رۆككۆماری عێراق رێكنه‌كه‌وتوون، پارتی دیموكراتی كوردستان پێشتر رایگه‌یاندووه، ئه‌وان پێشتر یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانییان له‌وه ئاگاداكردووهتهوه كه پۆستی سه‌رۆككۆمار به گوێره‌ی شایسته‌ی هه‌ڵبژاردن پشكی ئه‌وانه و داوای پۆسته‌كه‌یان كردووه‌ته‌وه.
ئێستاش پارتی دكتۆ فوئاد حوسێنی بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆككۆمار كاندید كردووه، یه‌كێتییش به‌رهه‌م ساڵح، دامه‌زرێنه‌ری هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری، له‌ناو هاوپه‌یمانێتییه‌كه گه‌ڕانده‌وه و بۆ پۆستی سه‌رۆككۆمار كاندیدی كرد.
ئ. م