دەنگەكانی یەكگرتوو لە دھۆك كەمیكردووە
پارتی زۆرینەی دەنگەكانی بە دەستھێناوە
K24 - دھۆك
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کە بەهاوبەشی لەگەڵ بزووتنەوەی ئیسلامی بە لیستی (بەرەو ئیسلاح) بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان دا کرد، بەپێی ئەنجامە بەراییە نافەرمییەكان دەنگەكانی لە زۆربەی ناوچەكان و بەتایبەتی لە سنووری پارێزگای دھۆك كەمیكردووە.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لە چاودێر و نوێنەری لایەنە سیاسییەكان لە بنەكانی جیاكردنەوەی دەنگەكان دەست كوردستان24 كەوتوون، یەكگرتووی ئیسلامی لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كورستان، دوو بۆ سێ کورسی لە دەڤەری بادینان بەدەست دێنێت، ئەمە لەکاتێکدایە کە لە هەڵبژاردنەکانی خولی پێشووتر خاوەنی چوار کورسی پەرلەمان بوو لەو دەڤەرە.
رەمەزان ئەرتیسی، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکگرتوو لە پارێزگای دهۆك بە کوردستان24ی راگەیاند: "بەپێی ئەو ئەنجامانەی کە تائێستا بەدەستمان گەیشتوون، یەکگرتوو 33 هەزار و 214 دەنگی هێناوە".
بەپێی ئەو داتایە نافەرمیانە بە بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی 12ی ئایاری رابردووی پەرلەمانی عێراق دەنگەکانیی یەكگرتوو بە رێژەیەكی بەرچاو دابەزیووە.
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکگرتوو لە پارێزگای دهۆك راشیگەیاند: "لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا یەکگرتوو 43 هەزار و 700 دەنگی هێنابوو"، بەپێی ئەو ئەنجامانە یەكگرتوو لە دەڤەری بادینان 10 هەزار و 486 دەنگی لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كەمكردووە.
لە بەرامبەردا پارتی دیموکراتی کوردستان، دەنگەکانی بە رێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و بەپێی ئامارە سەرەتاییە نافەرمییەكان، پارتی 80% دەنگەکانی بادینانی بەدەست هێناوە.
بە گوتەی خالید ئەحمەد، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی لە پارێزگای دهۆك "بەپێی ئەنجامە سەرەتایییە نافەرمییەكان پارتی 315 هەزار 548 دەنگی لە بادینان بەدەستی هێناوە"، کە ئەمەش بە بەراورد لەگەڵ هەلبژاردنەکانی رابردوو دەنگەکانی پارتی لە ناوچەکەدا بە رێژەیەكی بەرچاو زیادیكردووە.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە لە 12/5/2018 بەڕێوەچوو، لە کۆی 12 کورسی، لە سنووری پارێزگای دھۆك، پارتی 11 کورسی بەدەستهێنابوو، یەکگرتووی ئیسلامیش تەنیا کورسییەکی بە دەستهێنابوو.
ھ.م