گه‌شتی پڕچه‌ككردنی دۆسته‌كانی ئێران له‌نێوان تاران و ده‌وحه و به‌یروت و دیمه‌شق دا
گه‌شتی فڕۆكه گومانلێكراوه‌كان بۆ گۆاستنه‌وه‌ی پێكهاته‌كانی چه‌كی پێشكه‌وتوو بۆ حزبوڵلا زیاد ده‌بێت
K24 - هه‌ولێر:
به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی تۆڕی فۆكس نیووزی ئه‌مه‌ریكی كه له سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵگری ئه‌مه‌ریكی و رۆژئاواییه‌وه ده‌ستیكه‌وتووه، ئێران ره‌وانه‌كردنی كاروانی چه‌كی پێشكه‌وتوو و پرۆگرامی مووشه‌كیی ئاراسته‌كراوی له رێگه‌ی گه‌شتی فڕۆكه گومانلێكراوه‌كانه‌وه بۆ حزبوڵڵای لوبنانی زیاد كردووه.
ئه‌و سه‌رچاوه هه‌واڵگرییانه روونیانكردووهتهوه "فڕۆكه‌یه‌كی بارهه‌ڵگری هێڵی ئاسمانی فارس قه‌شم، پێش ئه‌وه‌ی بگاته به‌یروت، له دیمه‌شق نیشتووه‌ته‌وه و پاش ئه‌وه ئێواره‌ی رۆژی چوارشه‌ممه‌ی رابردوو به‌ره‌و ده‌وحه رۆیشتووه‌و ئێواره‌ی رۆژی پێنجشه‌ممه گه‌ڕاوه‌ته‌وه تاران.
فۆكس نیووز له زاری ئه‌و سه‌رچاوه هه‌واڵگرییانه‌وه ده‌ڵێت: "ئه‌و فڕۆكه بارهه‌ڵگره ئێرانییه، پێكهاته‌كانی چه‌كی هه‌ڵگرتووه، وه‌ك ده‌زگای ده‌ستنیشانكردنی پێگه‌كان "جی پی ئێس" كه له چه‌كی پێشكه‌وتووی ئاراسته‌كراو، له كارگه‌كانی ئێران له لوبنان درووست ده‌كرێن".
پێگه نهێنییه‌كان
ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل و ئاژانسه هه‌واڵگرییه‌كانی وڵاتانی رۆژئاوا، به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یان ده‌ستكه‌وتبوو كه ئێران خه‌ریكی به‌كارخستنی كارگه‌ی چه‌كه له سووریا و یه‌مه‌ن، جگه له لوبنانیش.
مانگی رابردوو له گوتارێكدا له به‌رده‌م كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، بنیامین نه‌تانیاهو، سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیسرائیل، وێنه‌ی سێ پێگه‌ی نهێنی سه‌ر به حزبوڵڵای لوبنانی له نزیك فڕۆكه‌خانه‌ی به‌یروت نیشانی ئاماده‌بوواندا و گووتی: "ئه‌وانه پێگه‌ی گرنگن بۆ كۆكردنه‌وه‌ی پێكهاته‌كانی سیستمی ده‌ستنیشانكردنی پێگه‌كانی جیهان له‌لایه‌ن تارانه‌وه".
سه‌رچاوه رۆژئاواییه‌كان به فۆكس نیووزیان گوتووه: "پێكهاته‌كانی چه‌ك، ئه‌م هه‌فته‌یه به‌و فڕۆكه‌یه له تارانه‌وه گه‌یه‌نراوه‌ته ئه‌و پێگه نهێنیانه‌ی حزبوڵڵا كه له نزیك فڕۆكه‌خانه‌ی بهیروتن.
عامۆس یادلینان، سه‌رۆكی پێشووی ده‌زگای هه‌واڵگری سه‌ربازی ئیسرائیل گوتوویه‌تی: "ئیسرائیل رێگه به ئێران نادات كاروانی چه‌ك بنێرێت بۆ لوبنان و سووریا، ده‌یه‌وێت رێگه‌ی لێبگرێت، ئه‌وه سه‌رچاوه‌ی نیگه‌رانییه كه ئێرانییه‌كان ده‌یكه‌ن، ئه‌وان ده‌یانه‌وێت پرۆژه‌یه‌كی وردی مووشه‌كی بالیستی درووست بكه‌ن، ئیسرائیلییه‌كانیش رێگه ناده‌ن ئه‌وه رووبدات، هه‌ر بۆیه ئێمه له به‌رده‌م رووبهڕووبوونهوهیانداین".
هه‌ر چه‌نده جه‌نه‌راڵ یادلینان، ته‌ئكیدی نه‌كرده‌وه كه دواین كاروانی پێكهاته‌كانی چه‌ك له تارانه‌وه گه‌یشتووه‌ته به‌یروت، به‌ڵام ئه‌و ئاگاداری ئه‌وه‌یه وڵاته‌كه‌ی پێشوه‌خته گورز له‌و سه‌رچاوانه ده‌وه‌شێنێ كه بووه‌ته سه‌رچاوه‌ی نیگه‌رانی بۆ ته‌لئه‌ڤیڤ. ئه‌و خۆیشی یه‌كێك بووه له‌و 8 فڕۆكه‌وانه‌ی ساڵی 1981 بۆمبابارانی دامه‌زراوه ئه‌تۆمییه‌كانی عێراقی كرد.
یادلینان وه‌ك سه‌رۆكی هه‌واڵگری سه‌ربازی ئیسرائیل خزمه‌تی كردووه‌و هاوكاریی پلانی گورزسرهواندنی پێشوه‌خته‌ی ناوه‌نده ئه‌تۆمییه‌كانی سووریاش بووه له ساڵی 2007 دا.
یادلینان ده‌ڵێت: "ئێرانییه‌كان بناغه‌ی بوونی سه‌ربازییان له سووریا به‌هۆی موشه‌كه ئاراسته‌كراوه‌كانیان داده‌نێن، هه‌روه‌ها مووشه‌كی بالیستی و فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وان و سیستمی به‌رگری ئاسمانی، ته‌ئكید ده‌كه‌مه‌وه ئیسرائیل رێگه به دووباره‌بوونه‌وه‌ی حزبوڵڵا نادات له سووریا".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "سوپای ئیسرائیل، ساڵی رابردوو زیاتر له 200 جار بۆمبابارانی كاروانه‌كانی چه‌ك و جبه‌خانه‌كانی ئێرانی كردووه له سووریا".
كۆمپانیای فڕۆكه‌وانی سه‌ر به سوپای پاسداران
كۆمپانیای فڕۆكه‌وانی "فارس قه‌شم"ـی ئێران تۆمه‌تباره به گواستنه‌وه‌ی چه‌ك بۆ سوپای پاسداران و فه‌یله‌قی قودسی ئێرانی، كه جه‌نه‌راڵ قاسم سوله‌یمانی به‌ڕێوه‌ی ده‌بات.
ساڵی رابردوو، ئیداره‌ی تره‌مپ، سزای به‌سه‌ر فه‌یله‌قی قودس و سوپای پاسداران‌دا سه‌پاند، ئه‌و كۆمپانیا فڕۆكهوانییهش ساڵی 2013 گه‌شته‌كانی وه‌ستاند، به‌ڵام له‌گه‌ڵ گۆڕینی ئیداره‌كه‌ی، له مانگی مارسی ساڵی 2017 ده‌ستی به‌كاركرده‌وه.
له‌ناو به‌رپرسه تازه‌كانی كۆمپانیاكهشدا، 3 سه‌ركرده‌ی ئێستای سوپای پاسدارن هه‌ن كه هه‌ر یه‌كه له (عه‌لی گوڵبارستا، حه‌مید ره‌زا په‌هله‌وانی و غوڵام ره‌زا قاسمی یه".