ئیمارات خه‌ڵاتێكی جیاواز ده‌به‌خشێته به‌ساڵاچووان
ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بڕیاریدا
K24 - هه‌ولێر:
شێخ محه‌مه‌د بن را‌شد، سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیمارات و فه‌رمانڕه‌وای دوبه‌ی، فه‌رمانێكی بۆ رێزنان له هاووڵاتییه به‌ته‌مه‌نه‌كانی وڵاته‌كه‌ی ده‌ركرد و نازناوێكی جیاوازی پێبه‌خشین.
محه‌مه‌د بن را‌شد له تویته‌ره‌وه نوسیوویه‌تی: "ئه‌مڕۆ سه‌رپه‌رشتی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانم كرد، له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا بڕیارمان له‌سه‌ر سیاسه‌تێكی نیشتمانی نوێ بۆ به‌ته‌مه‌نه‌كان دا، له بری "به‌ساڵاچووان، بڕیارماندا پێیان بگوترێت "گه‌وره‌ی هاووڵاتیان".
فه‌رمانڕه‌وای دوبه‌ی ده‌ڵێت: "ئه‌وانه‌ی به‌ساڵاچوون، واتا گه‌وره‌ن له شاره‌زایی، گه‌وره‌ن له خزمه‌تكردنی ئه‌م نیشتمانه، گه‌وره و كاریگه‌رن له ناو و هه‌ژموون، ئه‌وان چاو و دڵیان گه‌وره‌یه".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "ئه‌و سیاسه‌ته نیشتمانییه بۆ گه‌وره‌ی هاووڵاتیان بڕیاری لێدراوه، بیمه‌ی ته‌ندرووستی تایبه‌تی بۆ ئه‌وان تێدایه، هه‌روه‌ها كردنه‌وه‌ی ناوه‌ندی تایبه‌ت بۆ به‌خشینی توانای سه‌رده‌می به‌وان و چالاكی وه‌رزشی".
فه‌رمانڕه‌وای دوبه‌ی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه كه سوود له خانه‌نشینكراوان ده‌بینرێت له بازاڕی كاردا و به‌رنامه‌ی تایبه‌ت به‌وان ده‌بێت، خانوو به‌وشێوه‌یه بۆ ئه‌وان درووست ده‌كرێت كه له‌گه‌ڵ پێداویستییه‌كانیان بگونجێت، بۆیه ئه‌و گه‌ورانه هه‌ر به گه‌وره‌یی له هه‌ژموون و ژیان ده‌مێننه‌وه".