لە ئۆپەراسیۆنێكی ھاوبەشی پێشمەرگە و ھاوپەیمانان سێ چەكداری داعش كوژران

سێ پێشمەرگە برینداربوون

K24 - گەرمیان

لە ئۆپەراسیۆنێكی ھاوبەشی پێشمەرگە و ھێزە فەرەنسییەكان، سێ چەكداری داعش لە گوندی پەلكانەی سەر ناحییەی زنانەی سنووری قەزای خورماتوو كوژران، ھاوكات بەھۆی تەقینەوەی بۆمبێك سێ پێشمەرگە برینداربوون.

ھەرێم جاف، پەیامنێری كوردستان24 لە دەڤەری گەرمیان رایگەیاند: "تیمێكی فەرەنسییەكان لەگەڵ ھێزەكانی پێشمەرگە چوونەتە سنووری گوندی پەلكانە، فڕۆكە جەنگییەكان مۆڵگەیەكی داعشیان لە ناوچەكە كردووەتە ئامانج و سێ چەكداری داعش كوژراون".

گوتیشی: "ھاوكات بۆمبێك تەقیووەتەوە و بەوھۆیەوە سێ پێشمەرگە برینداربوونە".

ھێمن محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی نەخۆشخانەی كفری بە كوردستان24 گوت: "سەر لەبەیانی ئەمڕۆ ئاگاداركراینەوە كە ژمارەیەك پێشمەرگە لەو ناوچەیە بریندارن، ھەر ئەوكات تیمەكانمان ناردە ئەو شوێنە، چارەسەری پێویست بۆ پێشمەرگە بریندارەكان كراوە و باری تەندروستیان جێگیرە و رەوانەی نەخۆشخانەی كەلار كراون".