عەرەبەكان شەقامێكی بەرلین داگیر دەكەن

"ھەموو شتێك لەو شەقامە دەست دەكەوێت"

K24 - بەرلین

لە ناو شاری بەرلین شەقامێك بە ناوی شەقامی عەرەبان هەیە، لەو شەقامەدا هەرچی پێداویستی رۆژهەڵاتی هەیە لە کەلوپەل و خواردن و خواردنەوە بە دەست دەکەوێت و کڕیارەکان ھەموو ئەو پێداویستیانەیان دەست دەكەوێت، كە پێشتر له‌ وڵاتەکانیان به‌كاریان هێناوه‌. خاوەن دوکانەکانیش بە بوونی ئەو بازاڕە تایبەتە خۆشحاڵی خۆیان دەردەبڕن.

لەچارەنوسێکی نادیارەوە بۆکردنەوەی شەقامێك بەناوی خۆیانەوە، شەقامی عەرەبان یان باشتربڵێین شەقامێکی رۆژهەڵاتی لەناو پایتەختی ئەڵمانیا، کە کاڵا و دوکان و کافیتریا وچێشتخانەکانی ئەو هەستە دەبەخشێت کە لەشاری دیمەشق یان بەغدابێت، بەڵام لەراستیدا ئەوشەقامە ناوی سۆننئالێیە و کەوتووەتە ناوەڕاستی بەرلینەوە.

موهەنەد عەتر، لە دیمەشقی پایتەختی سووریا ساڵانێك لەچێشتخانەیەکی بەناوبانگ چێشتلێنەر بووە، ماوەی سێ ساڵە بەهۆی بارگرژی سوریاوە کۆچبەربووە و لە ئەڵمانیا نیشتەجێبووە. ئەو بە كوردستان24 گوت: "ئەو شەقامە بە شەقامی عەرەب ناسراوە، ھەروەھا بە جۆری خواردنەكانیشی ناسراوە، زۆربەی كڕیاران داوای خواردنە رۆژھەڵاتییەكان دەكەن".

کڕیارانی عەرەب و رۆژهەڵاتی دەتوانن ئەو پێداویستیانەی لە وڵاتەکانیاندا هەیە لەو شەقامەش بیکڕن و باس لەوە دەکەن کە ئەو شەقامە هەستی ئەوەیان دەداتێ کە لە وڵاتەکانیانن.

رەنا سیام، كۆچبەرێكی عەرەبی دانیشتووی بەرلینە ئەو دەڵێ: "كاتێك سەردانی ئەو شەقامە دەكەم وادەزانم لە سووریام، ھەموو پێداویستیەكان لێرە دەكڕم، چونكە بازاڕێكی ھەمەجۆر و بەرفراوانە، ھەموو شتێك لەو بازاڕە دەست دەكەوێت".

ئەو شەقامە بە تەنها بازاڕێک نییە بۆ ساخکردنەوەی کاڵای سووری و عەرەبی، بەڵکو شوێنێکیشە بۆ کات بەسەربردنی پەنابەران و رەوەندی عەرەبی لە بەرلین.

ھ.م