په‌رله‌مان دوا مۆڵه‌ت ده‌داته عه‌بدولمه‌هدی
تا دووشه‌ممه ده‌بێت كابینه‌ی حكوومه‌ت ته‌واو بكات

K24 - هه‌ولێر:
محه‌مه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند، رۆژی دووشه‌ممه‌ی داهاتوو، دانیشتنێكی په‌رله‌مان تایبه‌ت ده‌كرێت، بۆ ته‌واوكردنی پێكهاته‌ی كابینه‌ی حكوومه‌تی نوێی عێراق.
حه‌لبووسی، له میانی دانیشتنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، ئه‌مڕۆ شه‌ممه 24ی تشیرینی دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌ری 2018، رایگه‌یاند، دانیشتنی داهاتوو، كه رۆژی دووشه‌ممه ئه‌نجامده‌درێت، تایبه‌ت ده‌بێت به ده‌نگدان بۆ ته‌واوكردنی پێكهاته‌ی كابینه‌ی حكوومه‌ت، كه هێشتا هه‌شت وه‌زاره‌ت به‌بێ وه‌زیرن و ته‌نها 14 وه‌زاره‌ت پڕكراونه‌ته‌وه.
حه‌لبووسی داوای له كوتله سیاسییه‌كانیش كرد، ئاماده‌ی دانیشتنی داهاتوو بن و رێككه‌وتنه‌كان له‌سه‌ر پاڵێوراوان بۆ هه‌شت وه‌زاره‌ته ته‌واو بوونه.
ئێواره‌ی رۆژی هه‌ینیش، هه‌ریه‌ك له حه‌لبووسی و عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌باره‌ت به پڕكردنه‌وه‌ی هه‌شت وه‌زاره‌ته‌كه كۆبوونه‌وه و پرسه‌كه‌یان تاووتوێ كردووه.
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا، به‌ختیار شاوێس ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له فراكسیۆنی یه‌كێتی به كوردستان24ی راگه‌یاند، ئه‌مڕۆ په‌رله‌مانی عێراق رۆژی دووشه‌ممه‌ى وه‌ك دوا مۆڵه‌ت داوه‌ته عادل عه‌بدولمه‌هدی بۆ ئه‌وه‌ی كابینه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی ته‌واو بكات.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی عێراق گووتیشی: "ئه‌گه‌ر تا‌كو سبه‌ی فراكسیۆنه‌كان له‌سه‌ر پۆستی وه‌زاره‌ته‌كانی به‌رگری و ناوخۆ رێكنه‌كه‌ون، ئه‌وا دوو سبه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ لایه‌نه‌كان خۆی دوو ناو بۆ ئه‌و پۆستانه ده‌ستنیشان ده‌كات".
تا ئێستا كابینه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی به‌هۆی ململانێی نێوان كوتله سیاسییه‌كان به ته‌واوه‌تی پێكنه‌هێنراوه، ئه‌وه‌ی گرفتی سه‌ره‌كیش بێت، پۆستی وه‌زاره‌ته‌كانی به‌رگری پشكی سووننه و وه‌زاره‌تی ناوخۆی پشكی شیعه‌یه.
ململانێی ناوخۆیی هه‌ر له‌و دوو پێكهاته‌یه بۆ ئه‌و دوو پۆسته، ته‌واوكردنی پێكهاته‌ی حكوومه‌تی دواخستووه.
ئ. م