مامۆستایەکی زانکۆ لە قەڵادزێ: هێزە ئەمنییەکان بەڵتەجیانە پەلاماریاندام

"خەڵکی مەدەنی منیان لەژێر دەستی هێزە ئەمنییەکان دەرهێناوە"

K24- هه‌ولێر:

هێزە ئەمنییەکانی قەڵادزێ لە کاتی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانی قوتابیان، هێرش دەکەنە سەر مامۆستایەکی زانکۆ و برینداری دەکەن.

مامۆستا کەمال ئەحمەد، مامۆستای زانکۆ بە کوردستان24ی راگەیاند: "دوێنێ بەشێک لەقوتابیانی زانکۆ دژی راگرو چەند رێنماییەکی زانکۆ هەوڵیاندا خۆپیشاندان بکەن، من لەکاتێکدا هەوڵی گێڕانەوە و ئارام کردنەوەی قوتابیانم دەدا، ویستم هەندێ وێنەش تۆماربکەم، بەڵام ژمارەیەکی زۆر لەو هێزە ئەمنیانەی هێنرابوونە ئەوێ بەشێوەیەکی زور بەڵتەجیانە و دڕاندانە پەلاماریاندام".

دەشڵێت: "خەڵکی مەدەنی منیان لەژێر دەستی هێزە ئەمنییەکان دەرهێناوە".

ئەو مامۆستایە ئاماژە بەوەشدا کە لەدوای گواستنەوەی بە ئەمبوڵانس بۆ نەخۆشخانە، جارێکی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هێرشکراوەتە سەری و لێیدراوە.

H.J