به‌رپرسێكی یه‌كێتی له باره‌ی "گردبوونه‌وه‌ی لایه‌نگرانی په‌كه‌كه" بۆ كوردستان 24 ده‌دوێت
دۆخه‌كه ئاساییبووه‌ته‌وه

K24 - دهۆك:
داود جندی، جێگری به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی شنگالی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، رایگه‌یاند، ژماره‌یه‌ك گه‌نجی سه‌ر به رێكخراوی گه‌نجانی ئێزیدخان، وه‌ك ناڕازیبوونێك به‌رامبه‌ر به داخستنی باره‌گاكانی ته‌ڤگه‌ری ئازادی له سلێمانی و ناوچه‌كانی دیكه، له به‌رده‌م باره‌گای كۆمیته‌ی یه‌كێتی له سنونێ گردبوونه‌وه.
ئه‌و به‌رپرسه‌ی یه‌كێتی بۆ کوردستان 24 رایگەیاند، گه‌نجه‌كان سەر بە رێکخراوی جوانێن ئێزیدخانێ بوون و لەلایەن پارتی ئازادی و دیموکراتی ئێزیدییان کە وەکوو باڵێکی پەکەکە دەناسرێت، پشتيوانیيان لێده‌كرێت.
روونیشی كرده‌وه، هۆكاری گردبوونه‌وه‌ی ئه‌و گه‌نجانه له‌به‌رده‌م كۆمیته‌ی یه‌كێتی، لەسەر پێڕابوونەکانی ئاسایشی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانه بۆ سه‌ر بارەگاکانی تەڤگەرى ئازادی لە سلێمانی و قەزاکانی کۆیە و قەلادزی و رانیە.
ئەم بەرپرسەی یەکێتی گوتیشی: " لە دوای ئاگادارکردنه‌وه‌ی پارتی ئازادی و دیموکراتی ئێزیدی، شاندێکی ئەو پارتە سەردانی کۆمیتەی سنوونێیان کرد و کۆبوونەوەیەکی کورتیان لەگەڵ بەرپرسانی کۆمیتە ئەنجامدا و بە شێوەیەکی رەسمی داوای لێبوردنیان کرد و بەیاننامەیەکیشیان سەبارەت ئەو رووداوە دەرکردووە".
هه‌ر سەبارەت بەو رووداوە، عومەر ساڵح ئیبراھیم، سەرۆکی پارتی ئازادی و دیموکراتی ئێزدییان (پادێ) لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، ئەوانەی چوونەتە سەر بارەگای یەکێتی لە سنونێ راستە لایەنگرانی ئەوان بوون، بەڵام ئەوان ھیچ پەیوەندییه‌کیان بە رووداوەکەوە نەبووە و بێ پرسی ئەوان ئەو کارەیان کردووە.
راشیگەیاند، دوای رووداوەکە خۆی سەردانی بارەگای كۆمیته‌ی یەکێتی کردووە و رەوشەکەیان ئاسایی کردووە.
ئ. م