ژه‌نه‌راڵێكی ئه‌مه‌ریكی شوێنی ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی ئاشكرا ده‌كات
به‌غدادی ده‌ترسێت و هه‌وڵ بۆ رزگاركردنی ژیانی خۆی ده‌دات
K24- هه‌ولێر:
ژه‌نه‌راڵ فرانك ماكنزی، كاندیدی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی فه‌رمانده‌یی ئه‌و وڵاته شوێنی ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی، سه‌ركرده‌ی رێكخراوی داعشی ئاشكرا كرد.
ماكنزی له‌میانه‌ی ئاماده‌بوونی له كۆبوونه‌وه‌ی كۆنگرێسی وڵاته‌كه‌ی كه تایبه‌ت بوو به دامه‌زراندنی له پۆسته نوێیه‌كه‌ی، دووپاتیكرده‌وه، "به‌غدادی كه‌سێكی زۆر ترسنۆكه، بۆ رزگاركردنی ژیانی خۆی له مردن، به‌رده‌وام له بیابانه‌كانی نزیك رووباری فورات له ناوچه سنوورییه‌كانی نێوان عێراق و سووریا له‌راكردندایه".
ماكنزی گوتی: "زیانی زۆر گه‌وره به تواناكانی به‌غدادی گه‌یشتوون"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "هیچ كاتێكی دیاریكراو و خشته‌یه‌كی كاتی نییه بۆ ده‌ستگیركردن یاخۆد كوشتنی به‌غدادی".
ئه‌و ژه‌نه‌راڵه ئه‌مه‌ریكییه كه پێشبینی ده‌كرێت متمانه‌ی كۆنگرێس بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته به‌ده‌ست بهێنێت، روونیكرده‌وه، "هه‌ڵمه‌ته‌كانی سه‌ربازی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش بۆ له‌ناوبردنی پاشماوه‌كانی ئه‌و رێكخراوه به‌رده‌وامن"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ئه‌و رێكخراوه ئێستا هه‌ست به دڵه‌ڕاوكێ و نیگه‌رانی زۆر ده‌كات و نازانێت ئاخۆ بۆماوه‌ی كاتژمێرێكی دیكه ده‌ژیت یانیش ده‌مرێت".
H.B