سه‌رۆك بارزانی و باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ عێراق ره‌وشی سیاسییان تاووتوێكرد

باڵیۆزی به‌ریتانیا: په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان پته‌وتر ده‌كه‌ین

K24 - هه‌ولێر:

سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە جۆن ویلیكس باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد و بارودۆخی سیاسی عێراقییان تاوتووێ كرد.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، 9ی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2018، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی نێوان سه‌رۆك بارزانی و جۆن ویڵكس، باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ عێراق، بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و دوا هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكوومەتی تازەی عێراق و تەحەددیاتی بەردەم پڕۆسەی سیاسی تاووتوێ كرا و باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق ڕۆشنایی خستە سەر بایەخ و ڕەنگدانەوەكانی سەردانەكەی ئەم دواییەی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا و ئەو سەردانەی بە گرنگ و كاریگەر وەسف كرد.

به‌ گوێره‌ی هه‌واڵێكی وێبسایتی فه‌رمی سه‌رۆك بارزانی، لەو كۆبوونەویەدا جەخت لەوە كرایەوە كە حكوومەتی تازەی عێراق و پڕۆسەی سیاسیی دوای هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەرفەت و كەشوهەوایەكی تازەی بۆ پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و چارەسەركردنی كێشەكان و جێبەجێكردنی ماددەی 140ـی دەستووری عێراق هێناوەتە ئاراوە. پەیوەست بە بارودۆخی كەركووكیش ئەوە دووپاتكرایەوە كە پێویستە هەموو پێكهاتەكان لە بەڕێوەبردنی ئەو شارە بەشدار بن.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكە باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق تەئكیدی لە بەردەوامی و توندوتۆڵتركردنی پەیوەندییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و هەروەها هاوكاریكردنی وەزارەتی پێشمەرگە و ڕێكخستنەوەی كردەوە.

بارودۆخی پارێزگای نەینەوا و كێشەكانی دانیشتوانی موسڵ و ئاوارەكان تەوەرێكی تری ئەو دانیشتنە بوو.

Fly Erbil Advertisment