دەڤەری راپەڕین ئۆتۆمبێل دەكاتە میوان
پلانی رێكخستنی ھاتووچۆ رادەگەیەندرێ
K24 - رانیە
ئاراس ئەمین، پەیامنێری كوردستان24 لە رانیە رایگەیاند: "ئەمڕۆ پلانی رێکخستنی هاتووچۆ و گواستنەوەی راپەڕین بۆ 10 ساڵی داهاتوو لە ژێر ناوی " ئۆتۆمبێڵ میوانە" رادەگەیەنرێت و هەوڵدەدرێت هاووڵاتیان و شۆفێران و بەرپرسانی ئیدارەی و فەرمانبەران هان بدرێن بایسکیل بەکاربێنن لەبری ئۆتۆمبێل".
بڕیار قادر، یەکێك لە رێکخەرانی پڕۆژەکە بە کوردستان24ی گوت: "دەمانەوێ خەڵك و بەرپرسانی ئیداری هان بدەین بایسکیل لەبری هۆیەکانی دیكەی گواستنەوە بەکاربێنن، چونکە جگە لەوەرزشێکی جەستەیی، سوودی گەورە بە ژینگە دەگات و لە رووی داراییشەوە خەرجی کەمی هەیە".
ئاشكرای كرد: "پلانەکەمان 10 ساڵ دەخایەنێ و بۆ پڕۆژەکە سوودمان لە ئەزموونی سەرکەوتووی وڵاتی هۆڵەندا وەرگرتووە".
بەپێی پلانەكە لەماوەی ئەو 10 ساڵەدا بەرپرسانی ئیداری ناوچەکە هان دەدرێن، سیستمی هاتووچۆی ناوچەکە و رێگاوبانەکان بە جۆرێک رێک بخەن کارئاسانی بۆ بایسکیل سوار بکرێت و خەڵکیش هان بدەین بایسکیل بەکاربێنن.










