رووسیا له‌باره‌ی رۆڵی له بڕیاری كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له سووریا روونكردنه‌وه ده‌دات
گوته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی رووسیا چه‌ند هه‌واڵێك ره‌تده‌كاته‌وه

K24 - هه‌ولێر:
دیمیتری پیسكۆڤ، گوته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی رووسیا، ئه‌و هه‌واڵانه‌ی ره‌تكرده‌وه كه باس له بڕیاری كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن، به‌هۆی گفتوگۆكانی نێوان مۆسكۆ و ژماره‌یه‌ك وڵاتی عه‌ره‌بی بووه".
بیسكۆڤ ته‌ئكیدی كرده‌وه، ئه‌و هه‌واڵانه‌ی باس له‌وه ده‌كه‌ن كه رووسیا، ئێرانی له سووریا كۆنترۆڵ كردووه، ئیسرائیلیش مافی ئه‌وه‌ی به‌ده‌ستهێناوه هه‌ر پێگه‌یه‌ك ویستی له سووریا بۆمبابارانی بكات، راست نین و بابه‌ته‌كه به‌و شێوه‌یه نییه".
ئه‌وه له كاتێكدایه، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، ته‌ئكیدی كردبووه‌وه كه ئامانجی سه‌ره‌كی و یه‌كه‌می مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له سووریا شه‌ڕی دژی داعشه.
ساره سانده‌رز، گوته‌بێژی كۆشكی سپیش، ئێواره‌ی رۆژی چوارشه‌ممه گووتی: "واشنتن ده‌ستی به پرۆسه‌ی كشانه‌وه له سووریا كردووه و خۆی بۆ قۆناغی داهاتووی شه‌ڕی دژی داعش ئاماده ده‌كات".
سانده‌رز گووتی: "ده‌ستمان به‌گێڕانه‌وه‌ی هێزه‌كانمان بۆ نیشتمان كردووه و ئێمه ده‌گوازینه‌وه قۆناغێكی دیكه‌ی ئه‌و هه‌ڵمه‌ته".