كۆمارییه‌كانیش تره‌مپ به‌ شایسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی نازانن

هۆكاره‌كانی ناشایسته‌یی تره‌مپ ده‌خه‌نه‌ روو

K24 - هه‌ولێر:

نانسی پیلۆسی، سه‌ركرده‌ی دیموكراته‌كان له‌ كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به‌ نوقمكردنی وڵات له‌ ئاژاوه‌دا تۆمه‌تبار ده‌كات.

به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی گۆڤاری Newsweek ئه‌مه‌ریكی، زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی كۆمارییه‌كانیش پێیانوایه‌، دۆناڵد تره‌مپ كه‌سێكی شایسته‌ نییه‌ و بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا ده‌ست نادات. ئه‌وه‌ قسانه‌ش به‌هۆی ژماره‌یه‌ك قه‌یران كراون كه‌ رووبه‌ڕووی ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا بوونه‌ته‌وه‌ له‌وانه‌ قه‌یرانی داخستنی به‌شێكی حكوومه‌تی فیدراڵی و پرسی ده‌ست له‌ كار كێشانه‌وه‌ی جه‌یمس ماتیس له‌ وه‌زیری به‌رگری و بڕیاری كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ سووریا. جگه‌ له‌وانه‌ش گرژی به‌رده‌وامی نیوان تره‌مپ و ئه‌نجوومه‌نی یه‌ده‌گی فیدراڵی ئه‌مه‌ریكا.

پیلۆسی رۆژی 24/12/2018 له‌ تویته‌ره‌وه‌ نووسی: "له‌ سه‌روبه‌ندی جه‌ژنی له‌ دایكبوونین و دۆناڵد تره‌مپ وڵاتی له‌ ئاژاوه‌دا نوقم كردووه‌، بازاڕی دراو هه‌ره‌سدێنێ، به‌ڵام سه‌رۆك شه‌ڕی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نی یه‌ده‌گی فیدراڵی ده‌كات.

له‌ به‌رامبه‌ریشدا تره‌مپ له‌ تویته‌ره‌وه‌ نووسی: "كێشه‌ی سه‌ره‌كی ئابووریمان ئه‌نجوومه‌نی یه‌ده‌گی فیدراڵی و بانكی ناوه‌ندییه‌، ئه‌وانه‌ هه‌ستیان به‌رامبه‌ر بازاڕ نییه‌، ئه‌نجوومه‌نی یه‌ده‌گی فیدراڵی وه‌ك یاریزانی به‌هێزی گۆڵف وایه، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ستی نییه‌ ناتوانێت به‌ باشی له‌ تۆپه‌كه‌ بدات و خاڵ تۆمار بكات".

به‌گوێره‌ی راپۆرتی گۆڤاره‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كه‌، زۆرینه‌ی كۆمارییه‌كان تره‌مپ به‌ شایسته‌ نازانن و گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی به‌ كه‌ڵكی به‌ڕێوه‌بردنی وڵات و فه‌رمانده‌یی هێزه‌ چه‌كداره‌كان نایه‌ت.

كارڵ برینشتاین، رۆژنامه‌نووسی ئه‌مه‌ریكی قسه‌ی له‌باره‌ی شایسته‌یی و نا شایسته‌یی تره‌مپ كردووه‌و ده‌ڵێت: "نامه‌ی ده‌ست له‌ كار كێشانه‌وه‌كه‌ی ماتیس به‌ شێوازێك بوو، پاڵی به‌ كۆمارییه‌كانه‌وه‌نا چه‌ند فه‌مانێكی راسته‌قینه‌ ده‌ربكه‌ن".

ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ ده‌ڵێت: "كۆمارییه‌كان قسه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتر ده‌كه‌ن و ته‌وافوقێك له‌ بیروڕایان درووست بووه‌ كه‌ تره‌مپ به‌ شایسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیكردنی ئه‌مه‌ریكا نازانن".

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ رۆژنامه‌ی واشنتن پۆست نوسیوویه‌تی: "كۆمارییه‌كان ده‌ڵێن، به‌هۆی گرفته‌ ده‌روونییه‌كانییه‌وه‌ تره‌مپ كه‌سێكی شایسته‌ نییه‌، هه‌روه‌ها ناتوانێت ره‌چاوی یاساكان بكات بۆیه‌ شایسته‌ نییه‌، به‌تایبه‌تی به‌هۆی ره‌فتاره‌ سیاسییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی كه‌ زۆرجار خۆیشی ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، به‌ كه‌ڵكی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا نایه‌ت".

برینشتاینیش ده‌ڵێت: "كۆمارییه‌كان پێیانوایه‌ سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان مه‌ترسییه‌ له‌سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا".