هه‌رێمی كوردستان "هێمای ده‌سه‌ڵاتدارێتی ژن" ده‌كاته پولی پۆسته
چوار پولی نوێی پۆسته چاپ ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:
بۆ ساڵی 2018 به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی پۆسته‌و گه‌یاندن – به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆسته‌ی هه‌رێمی كوردستان كه سه‌ر به وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و گه‌یاندنی حكومه‌تی هه‌رێمه، چوار جۆری نوێی پولی پۆسته‌ی چاپكرد و له‌لایه‌ن پۆسته‌ی هه‌رێم كاریان پێده‌كرێت.
به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی گه‌یاندن، كه وێنه‌یه‌كی ده‌ست كوردستان 24 كه‌وتووه، پوله نوێیه‌كانی پۆسته‌ی هه‌رێم له وڵاتی لوبنان به "كوالیتی و ستانداردی نێوده‌وڵه‌تی" چاپده‌كرێن.
وه‌ك له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ی بۆ كراوه، له دوای راپه‌ڕینی ساڵی 1991 و دامه‌زراندنی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌و گه‌یاندن، ده‌ستی كردووه به چاپكردنی پولی پۆسته‌ی تایبه‌ت به هه‌رێم.
وه‌ك له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه، پوله‌كانی پۆسته‌ی هه‌رێم بۆ ساڵی 2018 پێكهاتوون له:
- قه‌ڵای خانزاد له نزیك شاری هه‌ولێر، وه‌كو هێمایه‌كی مێژوویی بۆ ده‌سه‌ڵاتدارێتی ژن له مێژووی كوردستاندا، نرخی پول 750 دینار.
- دیمه‌نی گوندێكی هه‌ورامان، نرخی پول 500 دینار.
- وێنه‌یه‌كی فۆتۆیی منداڵێكی گوڵ‌فرۆش به چه‌پكێك نێرگزه‌وه، به كامێرای فۆتۆگرافه‌ر یوسف حه‌مه‌ره‌شید وێنه‌كه گیراوه، نرخی پول 5000 دینار.
- تابلۆیه‌كی هونه‌رمه‌ندی شێوه‌كاری ده‌ستڕه‌نگین و كۆچكردووی شاری هه‌ولێر ئه‌سكه‌نده‌ر عوسمان، نرخی پول 1000 دینار.

ئ. م