دایکێک نامرۆڤانە ئەشکەنجەی منداڵەکانی دەدات
"بەیانیان پێش ئەوەی نانیان پێبدات، دەستی کردووە بە لێدانیان"
K24 – ههولێر:
دایکێک رۆژانە بەشێوەیەکی نامرۆڤانە لە منداڵەکانی داوە و پۆلیسیش بەدواداچوونەکانی ئاشکرا دەکات.
شەش منداڵ ماوەیەکە بەردەوام لەلایەن دایکیانەوە ئەشکەنجە دەدرێن بەجۆرێک کەم شوێنی جەستەیان ھەیە، شوێنەواری لێدانی پێوە دیار نەبێت.
ھۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی ھەولێر بە كوردستان24ی راگەیاند: "منداڵەكان بەر لەوەی نانی بەیانیان پێبدرێت لە لایەن دایكیانەوە بە شێوەیەكی نامرۆڤانە لێیان دراوە".
ئەشکەنجەدانی ئەو منداڵانە بەجۆرێکە، بەیانیان تا دایکیان لێی نەداون، رەوانەی قوتابخانەی نەکردوون.
پۆلیسی شاری هەولێر ئاشکرایکردووە: "دایکەکە نەخۆشی دەروونی هەیە و هەموو رۆژێک دوای دەرچوونی هاوسەرەکەی، دەستیکردووە بە لێدانی منداڵەکانی".
ژمارەیەک رێکخراوی منداڵان، ئەرکی پاراستنی ئەو منداڵانە بۆ ماوەیەک دەگرنە ئەستۆ، بۆ ئەوەی جگە لە ساڕێژکردنی برینەکانیان، لە رووی دەروونیشەوە بگەڕێنەوە ژیانی ئاسایی خۆیان.
H.J