عامری: ده‌بێت هێزه بیانییه‌كان له عێراق بچنه ده‌ره‌وه
داوا له حكوومه‌ت ده‌كات رێكاری پێویست بگرێته‌به‌ر
.jpg)
K24 - هه‌ولێر:
هادی عامری، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی فه‌تح و رێكخراوی به‌در، دژی هێزه بیانییه‌كان له عێراق هه‌ڵوێستی خۆی راگه‌یاند و دووپاتی كرده‌وه، ده‌بێت هه‌رچی هێزی بیانی هه‌یه خاكی عێراق جێبهێڵن، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به مه‌به‌ستی مه‌شق و راهێنانیش له عێراق بن.
عامری له میانی وتاره‌كه‌یدا، به‌بۆنه‌ی چواره‌می ساڵیادی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی "زڵوعیه" له پارێزگای سه‌ڵاحه‌ددین، گوتی: "بوونی هه‌موو هێزه بیانییه‌كان له عێراق ره‌تده‌كه‌ینه‌وه، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی كه بۆ مه‌شق و راهێنانی سه‌ربازییش لێره بن".
عامری داوا له حكوومه‌تیش ده‌كات، هه‌موو رێكاره پێویسته‌كان بۆ ناردنه ده‌ره‌وه‌یان له عێراق، بگرێته به‌ر.
دوای سه‌ردانه له ناكاوه‌كه‌ی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا و میلانیای هاوسه‌ری، بۆ بنكه‌ی سه‌ربازی "عه‌ین ئه‌سه‌د" له رۆژئاوای ئه‌نبار، بێ پرسی حكوومه‌تی عێراق، نیگه‌رانی كه‌وتووه‌ته نێو پێكهاته شیعه‌كان، به‌تایبه‌تیش ئه‌وانه‌ی له ئێران نزیكن.
سه‌ردانه‌كه‌ی تره‌مپ، به مه‌به‌ستی به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی سه‌ربازانی وڵاته‌كه‌ی بوو كه له چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له عێراقن و ماوه‌ی سێ كاتژمێر له‌گه‌ڵ سه‌ربازان له بنكه‌كه مایه‌وه.
هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی، له 19ی ئه‌یلوول/ سێپتێمبه‌ری 2014 ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی له دژی داعش له عێراق ده‌ستپێكرد و دواتریش ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی فراوانكرد و سووریاشی گرته‌وه.
دوای زیاتر له چوار ساڵ، دۆناڵد تره‌مپ له بڕیارێكی له ناكاودا كشانه‌وه‌ی هێزه سه‌ربازییه‌كانی له سووریا راگه‌یاند و بڕیاره له عێراق جێگیریان بكات، هۆكاره‌كه‌شی بۆ ئه‌وه گه‌ڕاندووه‌ته‌وه كه مه‌ترسییه‌كانی داعش له سووریا نه‌ماوه.
سه‌رچاوه: رووسیه‌لیه‌وم
ئ. م