"ھێزەكانی ئەمەریكا و فەرەنسا لەناو منبج ماون"
پەیامنێری كوردستان24: ھێزەكانی رژێمی سووریا نەھاتووەتە ناو شارەكە
K24 - منبج
ئەكرەم ساڵح، پەیامنێری كوردستان24 لە منج رایگەیاند: "تائێستا ھیچ ھێزێكی سەر بە رژێمی سووریا نەھاتوونەتە ناو شارەكە، بەڵام ھەندێك ھێزی رووسیا و رژێمی سووریا لە باكوور و رۆژئاوای منبج، بە دووری 30 كیلۆمەتر ھەن".
گوتیشی: "تا ئەمڕۆش ھێزەكانی ئەمەریكی و فەرەنسی بە درێژایی 28 كیلۆمەتر لەناو شاری منبج تا چەمی ساجوور لە باكووری رۆژئاوای منبج ماون، ھاوكات لەناو شاری منبج خۆپیشاندانێك بەڕێوەدەچێت، خەڵكی سەركۆنەی ھەڕەشەكانی توركیا دەكەن و داوا دەكەن رێگری لە لەشكركێشی توركیا بۆسەر منبج بكرێت".
پەیامنێرمان راشیگەیاند: "گفتوگۆ لەنێوان ھێزەكانی سووریا دیموكرات (ھەسەدە) و رژێمی سووریا و رووسیا لەبارەی رەوشی منبج ھەیە، بەڵام ھێشتا گفتوگۆكان ھیچ ئەنجامێكیان نەبووە".
لەبارەی بوونی ئەو ھێزانەی كە ئێستا لەنێو شارەكەدا ھەن. ئەكرەم ساڵح، گوتی: "ھێزە ئەمنییەكانی سەر بە ئەنجوومەنی سەربازی منبج لەناو شارەكەدا بڵاوەیان پێكراوە و چەندین خاڵی پشكنین لە ناو منبج دانراون".
ئەمە لەكاتێكدایە بە گوتەی فەرماندەكانی ھەسەدە، دوای بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كشناوەی ھێزەكانی وڵاتەكەی لە رۆژئاوای كوردستان و سووریا، سوپای توركیا ھێزەكانی لەسەر سنووری منبج و چەند ناوچەیەكی دیكەی سووریا و رۆژئاوای كوردستان كۆكردووەتەوە و دەیەوێت ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەست پێبكات، خەڵكی ناوچەكەش ترسیان ھەیە ھاوشێوەی عەفرین ئەو ناوچانە بكەونە دەست ھێزەكانی توركیا.
ھ.م




