سهرۆك بارزانی: ناوچهكهمان بهرگهی كێشە و توندوتیژی و تیرۆر و ناسەقامگیریی و كەڵەگایی ناگرێت
سهرۆك بارزانی له رهوشی كوردی سووریا نیگهرانه

K24 - ههولێر:
سەرۆک مەسعود بارزانی بەبۆنەی سەری ساڵی نوێوە، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی گەلی کورد و خەڵکی کوردستان کرد و هیواخوازە گۆڕانکارییە نوێیهکان ببنە هۆی باشتر بوونی ژیان و گوزەرانی خەڵک و دهڵێت: "پێویستە هەموو لایەك بە باشی لەوە بگهن كە ناوچەكەمان چیتر بەرگەی ئەو هەموو كێشە و توندوتیژی و تیرۆر و توندڕۆیی و ناسەقامگیری و كەڵەگایی ناگرێت و ئەركی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشە بۆ پاراستنی ئاشتی و دادپەروەری و ئاساییش سنوورێك بۆ ئەو ناسەقامگیرییخوازییە دابنێت و چیتر لەمە زیاتر گەلانی ناوچەكە و خەڵكی بێتاوان تووشی نەهامەتی و وێرانكاری نەبن و ئازار نەدرێن".
لە پەیامەکەیدا، سەرۆک بارزانی، سوپاسی قوربانیدانی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان دەکات كه لە چەند ساڵی رابردوودا رووبەڕووی هەڕەشەی تیرۆر و ئابڵووقە بوونەوە.
سەرۆک بارزانی داوای ئاشتی و یەکێتی ناو لایەنە کوردییەکان دەکات و هیواخوازیشە پێشهاتە نوێیهکانی سووریا نەبێتە هۆی زیاتر خراپبوونی باروودۆخی کوردەکان، چونکە ناوچەکە بەرگەی ئەو هەموو کێشە و تووندوتیژییە ناگرێت.
دهقی پەیامی سەرۆك بارزانی بەبۆنەی سەری ساڵی تازەی زایینی
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەبۆنەی سەری ساڵی نوێ پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان دەكەم. هیوادارم ساڵی تازە دەستپێكی قۆناغێكی نوێ بێت بۆ باشتربوونی ژیان و گوزەرانی خەڵك و بەدیهاتنی سەقامگیری و پێشكەوتنی زیاتر بۆ گەلەكەمان.
بە پێویستی دەزانم سوپاسی خۆم ئاراستەی هێزی پێشمەرگە و هەموو خەڵكی كوردستان بكەم كە لە ساڵانی ڕابردوودا بە قوربانیدان و خۆڕاگری، لەبەرانبەر هەڕەشەكان و تیرۆر و ئابڵۆقەدا وەستانەوە و دەنگی ڕەوا و ئاشتیخوازانەی خۆیان بە هەموو جیهانیان گەیاند و، بەسەر پیلان و حەزی نەیارانیشدا سەركەوتن.
ئێستا گەلەكەمان لە قۆناغێكی تازەدایە و پێویستی بە پاراستنی دەستكەوتەكان و بەهێزبوون و بووژانەوەیە، ئەویش بۆ گەییشتن بە ئامانجە بەرزەكان و ئەو بەها باڵایانەی كە گەلەكەمان دەیان ساڵە لەپێناویدا خەباتی كردووە و قوربانی داوە. لە مانگی ئەیلوولی ڕابردوویشدا گەلی كوردستان لە مومارەسەیەكی دیموكراتیانەدا ویستی خۆی بۆ گۆڕانكاری و كوردستانێكی بەهێز دووپاتكردەوە و پێویستە ئەو ویست و متمانەیەی گەل لە چوارچێوەی حكوومەتێكی كارا و بەهێزدا جێبەجێ بكرێت.
بە درێژایی خەباتی خۆی گەلی كوردستان هەمیشە لایەنگری ڕێكاری ئاشتیانە و دیالۆگ بووە و ئێستایش ئەوە دووپات دەكەینەوە كە بۆ چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانمان لەگەڵ بەغدا بژاردەی دیالۆگ و لێكتێگەییشتن دەگرینە بەر.
لێرەدا بە دەرفەتی دەزانم كە لەبارەی چارەنووسی گەلی كورد لە سووریا نیگەرانیی خۆم ڕابگەیێنم، هیوادارم پێشهاتەكانی سووریا و ئەو گۆڕانكاریانەی لەوێ لە ئارادان نەبنە هۆی ئازار و ئاوارەبوون و نەهامەتیی زیاتر بۆ گەلی كورد لە سووریا. بە دڵنیاییەوە بوونی توندوتیژی و ئینكاركردن كێشەكان زۆر لەوەی ئێستا هەیە قووڵتر دەكاتەوە.
پێویستە هەموو لایەك بە باشی لەوە بگات كە ناوچەكەمان چیتر بەرگەی ئەو هەموو كێشە و توندوتیژی و تیرۆر و توندڕۆیی و ناسەقامگیری و كەڵەگایی ناگرێت و ئەركی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشە بۆ پاراستنی ئاشتی و دادپەروەری و ئاساییش سنوورێك بۆ ئەو ناسەقامگیرییخوازییە دابنێت و چیتر لەمە زیاتر گەلانی ناوچەكە و خەڵكی بێتاوان تووشی نەهامەتی و وێرانكاری نەبن و ئازار نەدرێن.
لەساڵی تازەدا بەهیوای ئەوەی ئاشتی و پێكەوەژیان باڵ بەسەر ناوچەكەماندا بكێشێت و،
ئومێدی خێر و خۆشی بۆ گەلی كوردستان دەخوازم.
مسعود بارزانی
31/12/2018