دوو گهنج له قهڵادزێ بهر تهقینهوهی مین كهوتن
باری تهندرووستی یهكێكیان ناجێگیره
K24- ههولێر:
دوو گەنجی گوندی چەكوانی سەر بە ناحیەی ئیسێوە له سنووری قەزای پشدەر بەهۆی تەقینەوەی لوغم لە سەر ڕووباری هەرزنێ برینداربوون وبۆ چارەسەری بزیشكی رهوانهی نەخۆشخانەی فریاكەتنی قەڵادزێ كران.
ئیدریس عومەر بەڕێوبەری کارگێری ئێشکگر لە نەخۆشخانەی شەهیدانی نوێی قەڵادزێ بە کوردستان ۲٤ ی ڕاگەیاند، ئەو دوو گەنجە یەکێکیان قوتابیە و ئەوی دیكهیان کاسبكارە و تەمەنیان ۱۸ ساڵ و ۲۰ساڵین، لەکاتی دەستکاریکردنی لوغم پیایاندا تەقیوەتەوە.
بەگوتەی ناوبراو "بەهۆی کاریگەری تەقینەوەی لوغمەکە دەم و چاوی دوو گهنجه بریندارەکان سوتاوە و هەندێ لەپەنجەکانی دەستیان قرتاوە"، ئاماژهی بهوهشدا، "یەکێک لەبریندارەکان باری تەندروستی جێگیرە و ئەوی دیكهیان بههۆی سهختی برینەکەی بۆ نەخۆشخانەکانی سلێمانی گوازراوهتهوه".
شارەدێی ئیسێوە لەسنوری پشدەر ناوچەیەکی سنوریە لەگەڵ ئێران، لەماوەی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراق لە ساڵی 1980-1988 هەریەک لەعێراق و ئێران بەسەدان هەزار لوغمی جۆراوجۆریان لەسەر سنورەکانیان چاندووە، تاکو ئێستاش بەشێک لە ناوچە سنوریەکان لە لوغم پاک نەکراونەتەوە و مەترسیان بۆسەر ژیانی خەڵک هەیە.
H.B