وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا: له‌سه‌ر دژایه‌تیكردنی ئێران به‌رده‌وام ده‌بین
"پێویسته سنوورێك بۆ فراوانخوازییه‌كانی ئێران له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دابدرێت"
K24- هه‌ولێر:
مایك پۆ‌مپێیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا به‌ڵێنیدا، كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له سووریا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك كاریگه‌ری له‌سه‌ر هاوكاری نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل نابێت و، مانای وا نییه كه ده‌ست له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش و دژایه‌تیكردنی ئێران هه‌ڵده‌گرن.
به‌ر له دیداری ئه‌مڕۆی نێوان مایك پۆ‌مپێیۆ و بنیامین ناتانیاهۆ له وڵاتی به‌رازیل، پۆ‌مپێیۆ له یه‌كه‌م كۆمێنتیدا له‌باره‌ی بڕیاری دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی وڵاته‌كه‌ی بۆ كشاندنه‌وه‌ی هێزه‌كانییان له سووریا گوتی: "كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانمان له سووریا هیچ له هاوكاری نێوان واشنتن و ته‌لئه‌ڤیڤ ناگۆڕێت".
پۆ‌مپێیۆ گوتی: "وێڕای بڕیاری كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له سووریا، پێویسته له‌سه‌ر گرنگیدان به هه‌ڵمه‌ته‌كانمان دژ به داعش و دژایه‌تیكردنی ئێران به‌رده‌وام بین".
له‌به‌رامبه‌ردا بنیامین ناتانیاهۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل دووپاتیكرده‌وه، "له دیداره‌كه‌دا گفتوگۆ له‌باره‌ی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی نێوان ئیسرائیل و ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌ین، به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ستن به بڕیاری كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له سووریا".
ناتانیاهۆ ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "میكانیزمه‌كانی چۆنیه‌تی به‌هێزكردنی هاوكاری هه‌واڵگه‌ری و پرۆسه سه‌ربازییه‌كانمان له سووریا و شوێنه‌كانی دیكه تاوتوێ ده‌كه‌ین، جگه له‌مه‌ش ئامانجێكی هه‌ره سه‌ره‌كی ئه‌و دیداره‌مان بریتییه له تاوتوێكردنی چۆنیه‌تی رێگه‌گرتن له فراوانخوازی دوژمنكارانه‌ی ئێران له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست".
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه، هه‌ر ئه‌مڕۆ بنیامین ناتانیاهۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل رایگه‌یاندبوو، داوایان له دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا كردووه، بڕیاری كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له سووریا به هێواشی جێبه‌جێ بكات و تره‌مپیش وه‌ڵامێكی ئه‌رێنی بۆ ئه‌و داواكارییه‌ی ئه‌وان هه‌بووه و، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدابوو، ئه‌وان كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له سووریا وه‌ك ده‌رفه‌ت ده‌بینن.
H.B