"ئەمەریكا لە سووریا و عێراق بەرامبەر ئێران شكستی ھێنا"
توركیا دەیەوێت شوێنی ئەمەریكا بگرێتەوە
K24 - ھەولێر
ھاوسەرۆكی كەجەكە رایدەگەیەنێت، ئەمەریكا لە سووریا و عێراق بەرامبەر ئێران شكستی ھێناوە و توركیا دەیەوێت شوێنی بگرێتەوە.
جەمیل بایك، ھاوسەرۆكی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) لە دیدارێكدا لەگەڵ ئاژانسی میدیا ھەبەری سەربە حزبەكەی ئاماژەی بەوە كردووە: "سیاسەتی ئەمەریكا دژ بە ئێران شكستی ھێنا، ھەم لە عێراق و ھەمیش لە سووریا و لە نێوخۆی ئێرانیش، لەو ململانێیەدا ئێران سەركەوتووتر بوو".
بایك دەڵێ: "توركیا دەیەوێ بە پەیوەندیی لەگەڵ رێكخراوی قاعیدە و گرووپە ئیسلامییەكانی دیكە، شوێنی ئەمەریكا بگرێتەوە لە سووریا و دواتریش دژایەتی رووسیا و ئێران بكات، ئەوەش بە ھاندانی ئەمەریكا، بە دڵنیاییشەوە ئێران ئەمە بە ئاسانی قبووڵ ناكات".
جەمیل بایك راشیگەیاندووە: "توركیا دەیەوێ سووریا بە ئارەزووی خۆی دیزاین بكات، توركیا بچێتە ھەر شوێنێك ناكشێتەوە لێی، ئەوەش ھەڕەشەیە لەسەر یەكپارچەیی سووریا، رووسیا و ئێران. دیمەشق باش لەوە ئاگادارە، بۆیە ئەو سێ وڵاتە ھەڵوێستێكی ھاوبەش دژ بە توركیا دەنوێنن".
ئەمە لەكاتێكدایە ئەمەریكا بڕیاریداوە ھێزەكانی لە سووریا و رۆژئاوای كوردستان بكێشێتەوە و توركیاش ھێزەكانی لەسەر سنوور كۆكردووەتەوە، بە گوتەی فەرماندەكانی ھەسەدە توركیا بە نیازی ئەنجامدانی ھێرشە بۆسەر چەند ناوچەیەكی رۆژئاوای كوردستان و سووریا.