هۆڵه‌ندا هێرشه ئاسمانییه‌كانی بۆ سه‌ر داعش راده‌گرێت
له هاوكاریكردنی پێشمه‌رگه به‌رده‌وام ده‌بێت

K24 - هه‌ولێر:
هۆڵه‌ندا كۆتایی به هێرشه ئاسمانییه‌كانی دژی داعش له عێراق و سووریا دێنێت به‌ڵام له هاوكاریكردنی پێشمه‌رگه به‌رده‌وام ده‌بن.
وه‌زاره‌تی به‌رگری هۆڵه‌ندا ئاشكرای كرد كه له 2ى كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ری 2019ه‌وه، كۆتایی به ئۆپه‌راسیۆنه ئاسمانییه‌كانی دژی داعش له عێراق و سووریا دێنێت و سه‌رجه‌م فڕۆكه ئێف 16كانیان ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ هۆڵه‌ندا.
به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه، له هاوكارییه‌كانیان به هێزی پێشمه‌رگه و سوپای عێراق به‌رده‌وام ده‌بن.
وه‌زاره‌تی به‌رگری هۆڵه‌ندا ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردووه, به 4 فڕۆكه‌ی جه‌نگی، به‌شداریان له ده‌یان ئۆپه‌راسیۆنی ئاسمانی دژی چه‌كدارانی داعش له عێراق و سووریا كردووه، به‌ڵام ئێستا ناچارن كۆتایی به‌و ئه‌ركه بێنن، چونكه وه‌كو ئه‌ندام له هاوپه‌یمانێتی ناتۆ، هێزی ئاسمانی هۆڵه‌ندا له شوێنێكی دیكه پێویسته.
هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه، بێیلیڤلد-سخاوتن، وه‌زیری به‌رگری هۆڵه‌ندا ئاشكرای كردووه, شه‌ڕی داعش كۆتایی نه‌هاتووه و سه‌قامگیریی عێراق هێشتا ناسكه و پێویستی به هاوكاری نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه.
هۆڵه‌ندا یه‌كێكه له وڵاتانی ئه‌ندام له هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا و نزیكه‌ی چوار ساڵه له رێگه‌ی چوار فڕۆكه‌ی جه‌نگی جۆری ئێف 16ه‌وه بنكه و مۆڵگه‌كانی داعش بۆردومان ده‌كات.
ئ. م