بۆڵتۆن باسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەگەڵ ئیسرائیل و تورکیا دەکات
راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمەریکا دەگاتە ئیسرائیل و تورکیا
K24 – ههولێر:
جۆن بۆڵتۆن، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمەریکا سبەی سەردانی تورکیا و ئیسرائیل دەکات و پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا دەخاتەڕوو.
لە تویتێکدا، بۆڵتۆن نووسیویەتی: "سبەی سەردانی ئیسرائیل و تورکیا دەکەم تاکو باس لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا بکەم".
لە تویتەکەی بۆڵتۆن هاتووە: "باس لە کاری ئایندەمان لەگەڵ هاوپەیمان و هاوبەشەکانمان دەکەین بۆ دووبارە دەرنەکەوتنەوەی داعش".
ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەوان لەگەڵ ئەو هێزانە دەمێننەوە کە جەنگی دژ بە داعشییان کردووە و هەروەها دژی رەفتاری ئێران لە ناوچەکە دەوستنەوە.
لە دوای بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا، داهاتووی ئەو ناوچانەی لە ژێر کۆنتڕۆڵی کوردەکانن لە سووریا بە نادیاریی ماوەنەتەوە، لە ئێستاشدا ئەمەریکا دەیەوێت بەرچاو روونی بداتە هاوپەیمانانی لە ناوچەکە و جەنگێکی دیکە بەهۆی ئەمەریکاوە لە سووریا روو نەدات.
H.J