پۆمپیۆ سیاسەتی ترەمپ بۆ وڵاتانی عەرەبی ئاشکرا دەکات
سەردانی هەشت وڵاتی عەرەبی دەکات
K24 – ههولێر:
مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گەشتێکی 9 رۆژی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام دەدات و ئامانجیش لێی روونکردنەوەی سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپە.
بەگوێرەی هەواڵێکی سایتی پۆلیتیکۆ، پۆمپیۆ لە 8 بۆ 15ی ئەم مانگە – کانوونی دووەم، سەردانی ئوردن، میسر، بەحرەین، ئیمارات، قەتەر، سعوودییە، عومان و کوەیت دەکات، ئەگەریشی هەیە عێراقیش بەسەر بکاتەوە.
سەردانەکەی پۆمپیۆ بۆ روونکردنەوەی سیاسەتی ئەمەریکایە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چونکە بڕیاری کشانەوەی سوپای ئەمەریکا لە سووریا ناڕوونی و گومانی زۆری دروستکردووە بەتایبەت ئەوەی سعوودییە و ئیمارات دژی کشانەوەی سوپای ئەمەریکا و بەهێزبوونی ئێرانن.
ئەم سەردانەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەکاتێکدایە، دوێنی هەینی جۆن بۆڵتۆن، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمەریکا بڵاویکردەوە کە بە سەردانێک بۆ تاوتوێکردنی پرسی سووریا، سەردانی ئیسرائیل و تورکیا دەکات.
مانگی رابردوو، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا بڕیاری کشانەوەی دوو هەزار سەربازی ئەمەریکای لە سووریا دا، بەڵام تاکو ئێستا وادەی کشانەوەی ئەو هێزانە دیاری نەکراوە.
H.J