هەڵاتنی کچێکی سعوودی هەرا دەنێتەوە
"ئەگەر بگەڕێمەوە دەمکوژن"
K24 – ههولێر:
کچێکی سعوودی لەکاتی گەشتی خێزانەکەی بۆ وڵاتی کوەیت، تیکتی فڕۆکەی کڕیووە ویستویەتی وەکو پەنابەر بچێتە وڵاتی ئوستراڵیا، بەڵام لە تایلەند دەستگیر کراوە.
رەهاف محەمەد ئەلقۆنون، کچە هەڵاتووەکە بە فرانس پرێسی گوتووە، خێزانەکەی بەردەوام ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەییانداوە و ئەمیش بەهۆیەوە هەڵاتووە.
دوێنێ یەکشەممە 06/01/2019 رەهاف ویستوبووی بچێتە وڵاتی ئوستوڕاڵیا و لەوێ داوای مافی مانەوە بکات، بەڵام کاتێک فڕۆکەکەی بەشێوەی کاتی لە تایلەند دەوەستێت، بەرپرسی کۆچبەرانی تایلەند رایدەگرێن. دواتر بەرپرسانی باڵیۆزخانەی سعوودییە دەگەنە سەری.
ئەگەرچی ئەو کچە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر داوای یارمەتی و مافی مانەوەی کردووە، دەشڵێت کە ئەگەر بگەڕێتەوە دەکوژرێت، بەڵام تایلەند بڕیاری داوە دیپۆرتی بکاتەوە.
بەرپرسانی تایلەند و سعوودییە، پاسپۆرتی ئەو خاتوونەیان لای خۆیان هێشتووەتەوە و تیکتی گەڕانەوەیان بۆ بڕیووە.
رێکخراوی نێودەوڵەتی مافەکانی مرۆڤ لەسەر ئەو پرسە هاتووەتە دەنگ و دەڵێت ئەگەری زۆرە ئەو کچە بەهۆی یاسای و نەریتی شەرەف و رەوشتی سعوودییە بکوژرێت.
لە وڵاتی سعوودییە، ژنان بۆیان نییە بەبێ پیاوێکی نزیکیان گەشت بکەن، ئەم خاتوونەش ئەگەری هەیە بەهۆی شکانی یاساکان سزای تووند بدرێت یاخود بکوژرێت.
H.J