نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر پرسی کچە سعوودییە هەڵاتووەکە هاتە دەنگ

رەهاف هەڕەشەی کوشتنی لەسەرە

K24 – هه‌ولێر:

رەهاف محەمەد ئەلقونون، ئەو کچە سعوودییەی لەدەست خێزانەکەی هەڵات، لەلایەن ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەیوەندی پێوە کرا.

رۆژی یەکشەممە رابردوو 06/01/2019، ئەو خاتوونە تەمەن 18 ساڵە کاتێک خێزانەکەی بە گەشتێک چووبوونە کوەیت، لەوێ تیکتی فڕۆکەی بەرەو وڵاتی ئوستراڵیا بڕیبوو، بەڵام لەلایەن بەرپرسانی سعوودی لە وڵاتی تایلەند وەستێنرا.

لە پەیامێکی ڤیدیۆیی دا، رەهاف داوای هاوکاری کرد و رایگەیاند ئەگەر بەرەو وڵاتەکەی بگەڕێتەوە لەلایەن خێزانەکەی دەکوژرێت، دواتر کۆ دەنگییەکی جیهانی لەسەر پرسی ئەو کچە درووست بوو و توانرا رێگری لە ناردنەوەی بکرێت.

لە ئێستادا، نەتەوە یەکگرتووەکان هاتووەتە دەنگ و دۆسییەکەی گرتووەتە ئەستۆ، دوێنێش، حکومەتی تایلەند رەتی کردەوە رەهاف بۆ وڵاتەکەی خۆی و بەبێ ویستی خۆی بگوازێتەوە.

رەهاف دەڵێت بەردەوام لەلایەن خێزانەکەی ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی دراوە، ئەمیش بیری لە هەڵاتن کردووەتەوە، بەڵام بەگوێرەی یاساکانی سعوودییە، هیچ ئافرەتێک ناتوانێت بەبێ پیاوێکی خێزانەکەی گەشت بکات، بەمەش ئەگەر رەهاف بگەڕێتەوە هەم زیندانی دەکرێت و هەمیش ئەگەری هەیە بکوژرێت.

سەرچاوە: Reuters

H.J