توركیا كێشه‌ی به‌رده‌م كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له سووریا ئاشكرا ده‌كات
ئه‌نقه‌ره تۆمه‌ت ده‌خاته پاڵ ئه‌مه‌ریكا

K24 - هه‌ولێر:
مه‌ولوود چاوش‌ئۆغڵو، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا ده‌ڵێت: "واشنتن بۆ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی له سووریا رووبه‌ڕووی ئاسته‌نگ بووه‌ته‌وه‌و و گرنگترینیشیان بوونی په‌یوه‌ندی به‌تینی نێوانیانه له‌گه‌ڵ رێكخراوه (تیرۆریستییه‌كان) له سووریا".
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا گوتوویه‌تی: "له ئاستی مه‌یدانیدا له سووریا چه‌ند ئاسته‌نگێك هاتووه‌نه‌ته پێش و هۆكاره‌كه‌شی پێشڤه‌چوونه‌كانی ره‌وشی ئه‌و وڵاته‌یه، به‌ڵام ئه‌نقه‌ره ده‌توانێت به‌سه‌ریاندا زاڵ بێت".
چاوش‌ئۆغڵو ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه كه به‌رپرسانی ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا لێدوانی جیاواز و دژ به یه‌ك ده‌ده‌ن له‌باره‌ی كشانه‌وه‌ی هێزه سه‌ربازییه‌كانیان له سووریا. له كاتێكدا هیچ كێشه‌یه‌ك له جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنی نێوان ئه‌نقه‌ره و مۆسكۆ تا ئێستا رووینه‌داوه‌و پاڵپشتی له یه‌كێتی خاك و سنووری سووریا ده‌كه‌ینه‌وه".
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا گووتی: "ئاماده‌كاریی بۆ لوتكه‌یه‌كی سێقۆڵی نێوان، ڤلادیمێر پوتین، سه‌رۆكی رووسیا، حه‌سه‌ن رۆحانی، سه‌رۆك كۆماری ئێران و ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا ده‌كرێت" به‌ڵام هیچ ورده‌كارییه‌كی دیكه‌ی ئاشكرا نه‌كرد.
چه‌ند رۆژێكه هه‌ست به گۆڕانكاریه‌ك له پرسی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له سووریا ده‌كرێت و رۆژی سێشه‌ممه 8/1/2019 و ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا ره‌تیكردووه‌ته‌وه چاوی به جۆن بۆڵتن راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا بكه‌وێت كه به سه‌ردانێك له‌گه‌ڵ شاندێكی ئه‌مه‌ریكی له‌و وڵاته بوون.
ئه‌وه‌ش پاش ئه‌وه روویداوه كه ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان به‌هۆی لێدوانه‌كانی له ئیسرائیل ره‌خنه‌ی توندی له جۆن بۆڵتن گرت.
ئه‌ردۆغان هێرشی كرده سه‌ر جۆن بۆڵتن، راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا و لێدوانه‌كانی به‌رامبه‌ر بارودۆخی سووریا به هه‌ڵه‌ی كوشنده ناوبرد".
سه‌رۆك كۆماری توركیا گووتی: "جۆن بۆڵتن، له لێدوانه‌كانیدا به‌رامبه‌ر ره‌وشی سووریا هه‌ڵه‌ی كوشنده‌ی كردووه‌و توركیاش ئاماده‌كارییه‌كانی به كۆتاهێناوه بۆ ئه‌نجامدانی ئۆپراسیۆنی سه‌ربانی له سووریا. ناتوانین لێدوانه‌كانی جۆن بۆڵتن كه له‌باره‌ی سووریاوه له ئیسرائیل داوونی قه‌بووڵ بكه‌ین، ئه‌و هه‌ڵه‌ی كوشنده‌ی كردووه له لێدوانه‌كانی ئه‌م دوواییهیدا".
ئه‌ردۆغان ئه‌و قسانه‌ی به بانگه‌شه‌ی بێ بنه‌ما له قه‌ڵه‌مداوه كه باسی ئه‌وه ده‌كه‌ن توركیا كورده‌كان ده‌كاته ئامانج و گوتوویه‌تی: "قه‌سه‌ی هه‌ڵبه‌ستراوی بێ به‌هان".
سه‌رۆك كۆماری توركیا گووتیشی: "سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، به‌ڵام كه‌سانی دیكه له ئیداره‌كه‌یدا هه‌ن هه‌ڵوێستی جیاوازیان هه‌یه".
ئه‌ردۆغان گوتوویه‌تی: "ته‌واوی ئاماده‌كاریمان كردووه بۆ ئه‌نجامدانی ئۆپراسیۆنی سه‌ربازی و به‌م زووانه‌ش ده‌ستپێده‌كات، ئامانجی پرۆسه‌كه‌ش بۆ پاراستنی دانیشتوان و یه‌كێتی خاكی سووریایه".
ئه‌ردۆغان جارێكی دیكه هێرشی كرده‌وه سه‌ر پارتی كرێكارانی كوردستان و گووتی: "په‌كه‌كه ناتوانێت نوێنه‌ری كورد بێت، یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌لیش له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه دوو رووی دراوێكن".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "ئه‌و قسانه‌ی ده‌ڵێن ھێزه‌كانی سووریای دیموكراتی به‌ره‌نگاری داعش ده‌بێته‌وه له سووریا، جگه له "درۆیه‌كی گه‌وره" هیچی دیكه نییه".