پێنتاگۆن سەر لە ژمارەی بنکە سەربازییەکانی وڵاتەکەی دەرناکات

هیچ زانیارییەک لەبارەی زۆرێک لە بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە

K24 – هه‌ولێر:

یەکێک لەو بنکە سەربازییانەی ئەمەریکا کە رووسیا و سووریا دەیانوت بووەتە رێڕەوی هاتووچۆی داعش، بنکەی سەربازیی ئەلتەنفە لە سووریا و لە ئێستادا ئەمەریکا نیازی هەیە چۆڵی بکات، بەڵام ئەو بنکە سەربازییە یەکێکە لەو سەدان بنکە سەربازییەی ئەمەریکا کە لە تاریکیدایە و زانیاری لەبارەیەوە ئاشکرا نەکراوە.

بەشێوەیەکی فەرمی، ئەمەریکا چوار هەزار و 775 بنکەی سەربازیی هەیە و لەو ژمارەیەش 514 بنکەیان دەکەونە 45 وڵاتی دەرەوەی خاکی ئەمەریکا، بەڵام لە راپۆرتی ساڵانەی پێکهاتەی بنکەکانی ئەمەریکا BSR  هیچ ئاماژەیەک بۆ بنکەی سەربازیی ئەلتەنف و دەیان سەربازگەی دیکە لە سووریا، عێراق، ئەفغانستان، تونس، کامیرۆن، سۆماڵ و نایجەر نەکراوە.

دەیڤ ڤاین، نووسەری کتێبی Base Nation: How U.S Military Bases Abroad Harm America and the World ئاشکرایکردووە ئەمەریکا 800 بنکەی سەربازیی لە دەرەوەی ئەمەریکا هەیە شوێنی بەشێک لەو بنکانە ئاشکرا نەکراون و بەرپرسانی ئەمەریکاش ئامادە نین هیچ لێدوانێک لەو بارەیەوە بدەن.

ئەمەریکا خاوەنی 95%ی گشت بنکە سەربازییە دەرەکییەکانە لە جیهان و هەر یەک لە فەرەنسا، رووسیا  و بەریتانیا خاوەنی 10 بۆ 20 بنکەی سەربازیی دەرەکین و هەرچی چینیشە، تەنها یەک بنکەی سەربازیی لە دەرەوەی وڵاتەکەی هەیە.

بەگوێرەی داتاکانی هاوپەیمانی گواستنەوەی و داخستنی بنکە سەربازییە دەرەکییەکانی ئەمەریکا، ساڵانە ئەمەریکا 150 ملیار دۆلار لە بنکە سەربازییەکانی خەرج دەکات.

بەگوێرەی راپۆرتێکی سایتی لۆب لۆگی تایبەت بە پرسە نێودەوڵەتییەکان، تەنانەت پێنتاگۆنیش ژمارەی تەواوی بنکە سەربازییەکان ئەمەریکا نازانێت، جیا لەوەش شوێنی بنکە سەربازییەکان ئاشکرا نەکات، تەنها دەڵێت: "ئەمەریکا بنکەی سەربازیی لە 164 وڵات هەیە".

جیا لەوەشم پێگەی فەرمی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا لەبارەی ژمارەی بنکە سەربازییەکان داتای جیاوازی نووسیبوو بە بەروارد لەگەڵ  داتاکانی BSR، بەڵام دوای بڵاوبوونەوەی چەند هەواڵێک، داتاکانی ئەو دوو دامەزراوەی ئەمەریکا هاوتا کراون.

بۆ نموونە بەگوێرەی داتا فەرمییەکان ئەمەریکا لە ئەفریقا تەنها بنکەی سەربازیی لە میسر، کینیا و جیبووتی هەیە، بەڵام بەگوێرەی سایتی ئینتەرسێپت، ئەمەریکا 34 بنکەی سەربازیی رانەگەینراوی لە باکووری ئەفریقا هەیە.

گەر باس لە عێراق بکەین، ئەمەریکا 505 بنکەی بچووک و گەورەی هەیە، بەڵام هیچیان لەلایەن پێنتاگۆنەوە ئاشکرا نەکراون، جیالەوەش چەند جارێک جیاواز باس لە ژمارەی سەربازانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا کراوە.

بنکەکانی بێسمایا رەنج کۆمپلێکس، فایەربەیس ساخیم، ئەسەد ئەیەر بەیس و قەیارە لەو بنکە سەربازییە ئەمەریکییانەن لە عێراق کە پێنتاگۆن هیچی لەسەر ئاشکرا نەکردوون.

بەگوێرەی راپۆررتێکی پەیمانگای نەتەوەیی تۆمدیسپاچی ئەمەریکی، لە ساڵی 2012 لە ئەفغانستان، ئەمەریکا خاوەن 550 بنکەی سەربازیی بووە، بەڵام جارێکی دیکە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ئاماژەی بۆ زۆرێک لەو بنکە سەربازییانە نەکردووە.

ئەوەی بۆ بەشێک لە ئەمەریکییەکان مایەی نیگەرانییە ئەوەیە، دەکرێت ئەمەریکا ئەو هەموو پارەیە لە خزمەتکردنی وڵاتەکە خەرج بکات و ئەوەش کە هیچ زانیارییەک لەبارەی زۆرێک لە بنکە سەربازییەکان نییە، ناڕوونی دروستکردووە و ئەو کەسانەی نیگەران کردووە لە ئەمەریکا کە باج دەدەن.