ورده‌كارى درێژترین داخستنی حکومەت لەمێژووی ئه‌مه‌ريكادا
مه‌ترسى ئه‌وه‌ش هه‌يه كارمه‌ندانى سكويريتى فڕۆكه‌خانه‌كان مان بگرن
K24 – واشنتن:
په‌كخستنى حكومه‌ت له لايه‌ن سه‌رۆكى ئه‌مه‌ريكا، دۆناڵد تره‌مپه‌وه، له مانگێك نزيك ده‌بێته‌وه و به‌و هۆيه‌وه سه‌دان هه‌زار كه‌س ده‌رفه‌تى ئيشيان له‌ده‌ستداوه و فه‌رمانگه سه‌ره‌كييه‌كانى فيدراڵيش بێ مووچه كار ده‌كه‌ن و مه‌ترسى ئه‌وه‌ش هه‌يه كارمه‌ندانى سكويريتى فڕۆكه‌خانه‌كان مان بگرن و به‌و هۆيه‌وه زيان به‌ر ئاسايشى نه‌ته‌وه‌يى ئه‌مه‌ريكا بگات.
لە ده‌يه‌ى حەفتاکانی سەدەی رابردووەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمه‌ریکا چەندین جار دووچاری داخستنی حکومەت بووە. درێژترینیان لە سەردەمی سەرۆکایەتی بیل کلینتۆن بووە لە کۆتاييهكانی ساڵی 1995دا، به‌ڵام ئه‌و كات حکومەت بۆ ماوەی ته‌نيا 21 ڕۆژ داخرا.
ئەمجارە لە سەردەمی دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ئێستای ئەمه‌ریکادا، داخستنی حکومەت ژمارەی پێوانەیی شكاند و خه‌ريكه له مانگێك نزیک دەبێتەوە و ئەمەش لە مێژووی داخستنەکانی حکومەت بەدرێژترین ماوە دەژمێردرێت.
کۆمپانیای بەناوبانگی جیهانی بۆ ئامار (ستایستا) لە دوایین ئامارەکانیدا چەند زانیاری و داتایەکی گرنگى لەبارەی داخستنی ئەمجارەی حکومەتی ئەمه‌ریکا بڵاوکردووه‌تەوە.

لە ئامارەکاندا هاتووە کەوا رێژەی 54% ی ئەمه‌ریکیيەکان لەدژی درووست‌کردنی دیوارێکن لە سنوورەکانی نێوان ئەمه‌ریکا و مەکسیکدا.
ئەو دیوارەی کە هۆکاری سەرەکی بڕیاردانی دۆناڵد ترامپ بوو بۆ داخستنی حکومەت چونکە دیموکراتەکان لە کۆنگرێسدا لە دژی درووست‌کردنی ئەو دیوارەن.
بەهۆی ئەم داخستنەی حکومەتەوە 800 هەزار فەرمانبەری فیدراڵی، نزیکەی سێ هەفتە دەبێت بێ مووچە کاردەکەن و بەگوێرەی سەرچاوەکانی زانیاریی و میدیاکانی ئەمه‌ریکا رەوشی ناو فەرمانگەکانی فیدراڵی زۆر دژوار بووە و مەترسی هەیە ئەو فەرمانبەرانە چیتر نەتوانن بەردەوام بن لە کارکردن بە بێ مووچە و بەم جۆرەش وڵات دووچاری قەیرانێکی گەورە دەبێت بەتایبەتی ئەگەر بێت و فەرمانبەرانی بەشەکانی سیکوریتی لە فڕۆکەخانەکان دەست لەکار هەڵگرن، کە ئەمە وه‌ك کارەساتێک بۆ ئاسایشی نیشتمانی ئه‌مه‌ريكا وه‌سفده‌كرێت.
کۆمپانیای ستاتیستا لەوڵاتی ئەڵمانیا لەساڵی 2008 دامەزراوە و بنکەی سەرەکی لە شاری هامبۆرگە، بە یەکێک لە گرنگترین سەرچاوەکانی ئامار هەژمار دەکرێت لە جیهاندا، له نزیکه‌ى چل وڵات‌دا ئۆفیسیان هەیە و ژمارەی کارمەندە سەرەکیيەکانیشی خۆی لە 500 کەس دەدات و ئۆفیسی ئەمریکایان لە ویلایەتی نیۆیۆرکە.
