زێباری: شیعه‌كان به ئامۆژگاریی ئێران كار بۆ ده‌ركردنی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌ن
هاوپه‌یمانی بنیات: به‌خێرایی یاسای ده‌ركردنی ھێزه بیانییه‌كان تێده‌په‌ڕێنرێت

K24 - هه‌ولێر:
هوشیار زێباری، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیكموكراتی كوردستان و وه‌زیری پێشووتری دارایی عێراق، له‌باره‌ی داخوازی شیعه‌كانی عێراق بۆ ده‌ركردنی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له وڵاته‌كه، له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر نوسیوویه‌تی: "داواكاریی سه‌ركرده شیعه‌كان بۆ ده‌ركردنی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق، به‌هۆی ئامۆژگاریی ئێرانییه‌كانه‌وه‌یه".
هوشیار زێباری ده‌ڵێت: "سه‌ركرده شیعه‌كانی عێراق به جددی و به‌هۆی ئامۆژگارییه‌كانی ئێرانه‌وه فشار ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له رێگای ده‌نگدان له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق ده‌ربكرێن".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه كه "پرسێكی سیاسی به‌م زووانه ده‌ستپێده‌كات" ئه‌وه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ جووڵه‌ی په‌رله‌مانتاران له‌باره‌ی ده‌نگدان له‌سه‌ر ده‌ركردنی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق.
ئه‌و قسانه‌ی زێباری هاوكاتی لێدوانێكی مه‌نسوور ئه‌لبعێجی، په‌رله‌مانتاری هاوپه‌یمانی بنیاته كه رۆژی هه‌ینی 18/1/2019 گوتبووی: "پرۆژه یاسای ده‌ركردنی هێزه بیانییه‌كان له خاكی عێراق له ته‌واوبووندایه، بۆ ئه‌وه‌ی ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بكرێت تا بخرێته به‌رنامه‌ی كاره‌وه‌و به زووترین كات كار بۆ تێپه‌ڕاندنی بكرێت".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "زۆربه‌ی كوتله سیاسییه‌كان له‌به‌ر شكۆ و سه‌روه‌ری عێراق ده‌نگ به‌و یاسا گرنگه ده‌ده‌ن، كۆده‌نگی له‌نێوان هه‌مووان هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی یاساكه به‌خێرایی تێپه‌ڕێنرێت و رێگا له هه‌موو ئه‌وانه بگیرێت ده‌یانه‌وێت ده‌ست بۆ شكۆ و سه‌روه‌ری عێراق ببه‌ن".