رۆژنامه‌یه‌كی ئیسرائیلی: ته‌لئه‌ڤیڤ پێگه‌كانی ئێران له‌ناو خاكی عێراق ده‌كاته ئامانج
"به‌هۆی ناكۆكییه سیاسییه‌كان حكوومه‌تی عێراق ناتوانێت سه‌روه‌ری خۆی به‌سه‌ر ته‌واوی خاكی وڵاته‌كه‌یدا بسه‌پێنێت"
K24- هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی "جیرۆزایم پۆست"ـی ئیسرائیلی راپۆرتێكی به‌ناوی "ئێستا ئاسمانی عێراق له‌به‌رده‌م ئیسرائیل كراوه‌یه بۆ لێدانی ئێران" بڵاوكرده‌وه و تێیدا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه، كه ئیسرائیل ده‌توانێت میلیشیاكانی سه‌ر به ئێران له‌ناو خاكی عێراق بكاته ئامانجی هێرشه‌كانی.
به‌گوێره‌ی ئه‌و راپۆرته، وادیاره ئیسرائیل هه‌وڵ بۆ فراوانكردنی پشتێنه‌ی كرده سه‌ربازییه‌كانی له دژی ئێران به‌ره‌و رۆژهه‌ڵات ده‌دات، به‌تایبه‌ت له‌ناو خاكی عێراق، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی ته‌ل ئه‌ڤیڤ توانی پێگه سه‌ربازییه‌كانی ئێران له‌ناو خاكی سووریا بكاته ئامانجی هێرشه‌كانی.
وه‌ك ئه‌و رۆژنامه‌یه نووسیویه‌تی، پێشبینی ده‌كرێت به‌م نزیكانه ئیسرائیل هێرشه‌كانی له دژی ئێران چڕ بكاته‌وه و ته‌نیا له سنووری سووریا نه‌هێڵێته‌وه و كرده سه‌ربازییه‌كانی بۆ ناو خاكی عێراقیش درێژ بكاته‌وه.
راپۆرته‌كه جه‌خت ده‌كاته‌وه، به‌هۆی نه‌بوونی دژه مووشه‌ك و دژه چه‌كی ئاسمانی، عێراق توانای رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هێرشی ئاسمانی نییه، له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه بوونی بۆشایی سیاسی له‌و وڵاته به‌شێوه‌یه‌ك قووڵ بووه‌ته‌وه، كه حكوومه‌تی عێراق ناتوانێت سه‌روه‌ری خۆی به‌سه‌ر ته‌واوی خاكی وڵاته‌كه‌یدا بسه‌پێنێت.
ئه‌و رۆژنامه ئیسرائیلییه ئاشكراشیكرد، تائێستا سیسته‌می دژه مووشه‌كی "ئێس 300"ـی رووسی كه تایبه‌تكراوه بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مووشه‌ك و هێرشه ئاسمانییه‌كانی ئیسرائیل، به‌ته‌واوه‌تی تاقی نه‌كراوه‌ته‌وه و هێشتا سوپای سووریاش ئه‌و سیسته‌مه‌یان له دژی ئه‌و هێرشانه‌ی ئیسرائیل به‌كار نه‌هێناوه، كه پێگه‌كانی ئێران و سووریا له باشووری سووریا ده‌كه‌نه ئامانج.
له‌و راپۆرته‌ی رۆژنامه ئیسرائیلییهكهدا نووسراوه، هێرشه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی ئیسرائیل بۆ سه‌ر پێگه‌كانی ئێران له‌ناو خاكی سووریا دیارخه‌ری ئه‌و راستییه‌ن، كه ئه‌و سیسته‌مه دژه مووشهكیانهی رووسیا بۆ سووریا دابینی كردوون، به‌شی ئه‌وه ناكه‌ن كه رووبه‌ڕووی هێرشه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر پێگه ئێرانییه‌كان ببنه‌وه.
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه، به‌گوێره‌ی زۆرێك له میدیاكان، تائێستا سووریا هیچ سیسته‌مێكی دژه مووشه‌كی و چه‌كی ئاسمانی به‌كارنه‌هێناوه، ته‌نیا سیسته‌می "ئێس 200" نه‌بێت، كه له سێپته‌مبه‌ری ساڵی 2018 به‌هۆی هه‌ڵه به‌كارهێنانییه‌وه فڕۆكه‌یه‌كی رووسی پێكاند، ئه‌مه‌ش بووه پاڵنه‌رێك كه رووسیا مووشه‌كی "ئێس 300" و سیسته‌می راداری پێشكه‌وتووتر له‌وانه‌ی پێشخۆی بداته حكوومه‌تی دیمه‌شق.
وه‌ك میدیاكان له‌م رۆژانه‌ی دواییدا ئاشكرایانكردووه، وێڕای ئه‌وه‌ی دیمه‌شق و مۆسكۆ به به‌رده‌وام بانگه‌شه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه سیسته‌مه دژه مووشه‌كییه‌كانیان زۆربه‌ی ئه‌و مووشه‌كانه‌یان له‌ناوبردووه، كه له ئیسرائیله‌وه ئاراسته‌ی ناو خاكی سووریا كراون، به‌ڵام تائێستا له‌وه پشتڕاست نه‌بوونه‌ته‌وه، ئه‌گه‌ر بێت و گرژییه‌كان ئاڵۆزی زیاتریان تێ بكه‌وێت و ئیسرائیل هێرشه‌كانی له‌ناو خاكی سووریا چڕتر بكاته‌وه، ئاخۆ سیسته‌می دژه مووشه‌كی "ئێس 300" ده‌توانێت رووبه‌ڕووی هه‌موو مووشه‌كه ئاراسته‌كراوه‌كان ببێته‌وه یاخود نا.
ئه‌م راپۆرته‌ی رۆژنامه‌ی "جیرۆزایم پۆست"ـی ئیسرائیلی دوای ئه‌وه هاتووه، هه‌فته‌ی رابردوو مایك پۆ‌مپێیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا هۆشداری دایه عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و پێیڕاگه‌یاند، ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه، ئیسرائیل میلیشیاكانی سه‌ر به ئێران له‌ناو خاكی عێراق بكاته ئامانج.
هه‌روه‌ها پۆ‌مپێیۆ به راشكاوانه به عه‌بدولمه‌هدی راگه‌یاندبوو، "ئه‌گه‌ر مووشه‌كه‌كانی ئیسرائیل بۆ لێدانی پێگه‌كانی ئێران له‌ناو خاكی عێراق به‌سه‌ر ئاسمانی عێراقدا ببارن، حكوومه‌تی ئه‌مه‌ریكا هیچ هه‌ڵوێستێكی نابێت".
H.B