له هه‌رێمی كوردستان لێكدانه‌وه‌ی جیاواز بۆ په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی گشتی عێراق ده‌كرێت
"هه‌رچه‌نده له ئاست ماف و شایته داراییه‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمدا نییه به‌ڵام ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره‌یه"
K24- هه‌ولێر:
په‌سه‌ندكردنی پشكی هه‌رێمی كوردستان له بودجه‌ی گشتی عێراقدا له ڕووی سیاسیه‌وه به‌ده‌ستكه‌وتیكی گه‌وره وه‌سف ده‌كرێت، به‌ڵام له‌رووی ئابوورییه‌وه بۆچوونی جیاواز هه‌یه و ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایی خولی پێشووی په‌رله‌مانی كوردستان له‌و باوه‌ڕه‌دایه، هێشتا له ئاست ماف و داخوازییه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا نییه، هاوكات جیاكردنه‌وه‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و پێشمه‌رگه له دۆسیه‌ی نه‌وت و ناكۆكییه سیاسیه‌كان له به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان هه‌ژمار ده‌كرێت.
هه‌رچه‌نده له‌كۆتاییدا پرۆژه یاسای بودجه‌ی عێراق بۆ ساڵی 2019 و پشكی هه‌رێمی كوردستان له په‌رله‌مانی عێراق په‌سه‌ند كرا، به‌ڵام پشكی هه‌رێم له بودجه‌ی گشتی عێراقدا شكیردنه‌وه و بۆچوونی جیاوازی لێكه‌وتووه‌ته‌وه، له‌مباره‌یه‌وه مه‌یاده نه‌جار، په‌رله‌مانتاری پارتی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌ڵێت: "په‌سه‌ند كردنی بودجه‌ی عێراق به‌م شێوه‌ی ئێستا له به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستاندایه, به‌جۆرێك كه توانیویانه موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و پێشمه‌رگه له دۆسیه‌ی نه‌وت جودا بكه‌نه‌وه و قوتی خه‌ڵك بخرێته ده‌ره‌وه‌ی ناكۆكییه سیاسییه‌كان".
له‌كاتێكیشدا پشكی هه‌رێمی كوردستان له بوردجه‌ی ساڵی 2019ی عێراق به 10 ترلیۆن و 800 ملیار دیناری عێراق دیاری كراوه، به‌ڵام هیڤا حاجی میرخان، ئه‌ندامی لێژنه‌ی دارایی له خولی پێشووی په‌رله‌مانی كوردستان پێی وایه ئه‌مه بڕێكی كه‌مه و له ئاستی ماف و به‌ركه‌وته‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا نییه، به‌ڵام له ڕووی سیاسیه‌وه به‌ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره وه‌سفى ده‌كات".
بۆچوونه‌كان به‌و ئاراسته‌یه‌دان كه دیاریكردن و په‌سه‌ندكردنی پشكی هه‌رێمی كوردستان له بودجه‌ی گشتی عێراقدا به‌مجۆره‌ی ئێستا و جیاكردنه‌وه‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له دۆسیه‌ی نه‌وت و ناكۆكییه سیاسیه‌كان، له‌ڕووی سایسی و واتاییه‌وه به ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وه‌ر وه‌سف ده‌كرێت، به‌ڵام له‌ڕووی ئابووریه‌وه باس له‌وه ده‌كرێت، هێشتا به‌شه بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ئاست ماف و داخوازییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستاندا نییه و داوا ده‌كرێت، له‌داهاتوودا نوێنه‌رانی كورد له به‌غدا كاری زیاتر بۆ باشتركردنی ماف و به‌ركه‌وته‌كانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.
H.B