6 ساڵه كه‌سوكاری شه‌هیدانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه چاوه‌ڕێی خانووه‌كانیانن
"به‌شێكیان به‌هۆی قه‌رزاریی به چاره‌گێكی نرخه‌كه‌ی ده‌یفرۆشن"
K24 - هه‌ولێر:
به‌شێك له كه‌سوكاری شه‌هیدانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه شه‌ش ساڵه به دیار پرۆژه‌یه‌كی نیشته‌جێبوونی نیوه‌چڵ و بێ خزمه‌تگوزاری دۆشداماون، كه به گه‌ڕه‌كی یه‌ك شه‌هید ناسراوه، به‌ڵام نه خۆیان و نه لایه‌نی په‌یوه‌ندیداریش، ناتوانن خانووه‌كان ته‌واو بكه‌ن، به‌شێكیشیان به هۆی قه‌رزاری بازاڕه‌وه ناچارن به نرخی یه‌ك له‌سه‌ر چواری تێچوو، خانووه‌كانیان بفرۆشن.
ئەمە پڕۆژەی دروستکردنی 887 خانووه بۆ کەسوکاری ئه‌و شه‌هیدانه‌ی به ته‌نیا له کیمیابارانه‌كه‌ی هه‌ڵه‌بجه گیانیان له ده‌ستداوه، ئه‌م پرۆژه‌یه 6 ساڵە كاری تێدا ده‌كرێت، بەڵام هێشتا تەواو نەکراوە، بڕیاربوو پێشینەی خانووەکان بەسێ قیست وەربگیرێ، بەڵام به‌شێك لەخانەوادەکان ته‌نیا یەک قیست و به‌شێكی دیكه‌شیان دوو قیستیان وه‌رگرتووە، هەندێکیشی هیچ پێشینه‌یه‌كیان وەرنەگرتووە، لەسەر بەڵینی پێدانی پێشینه‌كه به‌شێك له كه‌سوكاری شه‌هیده‌كان له ئه‌ركی خۆیان خانووه‌كانیان ته‌واوكردووه، ئێستاش به‌شێكیان به هۆی قه‌رزی زۆره‌وه ناچارن خانووەکانیان بفرۆشن.
بەڕێوبەری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەڵەبجە قەیرانی دارایی به هۆكاری سه‌ره‌كی ده‌زانێت له‌به‌رده‌م ته‌واونه‌كردنی پرۆژه‌كه و ڕاگیرانی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان، داواکاریشە له‌مه زیاتر پرۆژه‌كه دوانه‌خرێت بۆ ئه‌وه‌ی خانووه‌كان راده‌ستی كه‌سوكاری شه‌هیدان بكرێ.
خانووی کەسوکاری یەک شەهیدی کیمیاباران لەساڵی 2013ـه‌وە دەست بەدروستکردنی کراوە و سەرەتا كه‌سوكاری هه‌ر شه‌هیدێك بڕی 5 هەزار دۆلاری بۆ خه‌رجكراوه به مه‌به‌ستی دروستكردنی خانوو، له قۆناغی د‌ووه‌مدا 10 هەزار بۆ به‌شێكیان خه‌رجكراوه، به‌ڵام به‌شێكی هیچ بڕه پاره‌یه‌كیان بۆ خه‌رج نه‌كراوه‌و كه‌چی به ناچاری له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆیان خانووه‌كانیان ته‌واوكردووه، ئێستا به‌هۆی قه‌رزاریی و خه‌رجنه‌كردنی پێشینه‌كانیان و نه‌بوونی خزمه‌تگوزارییه‌وه، ناچار ده‌ستیان كردووه به فرۆشتنی خانووه‌كانیان.