وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى عێراق بۆ كوردستان24: ئه‌مه‌ريكاييه‌كان به‌ ره‌زامه‌ندى ئێمه‌ ماونه‌ته‌وه‌

ته‌نیا راهێنه‌رن و بنكه‌ و سه‌ربازگه‌شیان نییه

K24 – واشنتن:

له‌ واشنتۆن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق سه‌باره‌ت به‌ بوون و مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌عێراق رایگه‌یاند، ئه‌م هێزانه‌ به‌ ره‌زامه‌ندی حكومه‌تی فيدراڵ له‌ عێراقن و ته‌نیا راهێنه‌رن و بنكه‌ و سه‌ربازگه‌شیان نییه‌.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق، دووپاتیشیكرده‌وە‌، كه‌ به‌غدا و واشنتۆن به‌رده‌وامی به‌ رێككه‌وتنه‌ ستراتیژی و سه‌ربازیه‌كه‌ی نێوانیان ده‌ده‌ن. 

له‌دامه‌زراوه‌ی دیراساتی ستراتیژ و كاروباری نێوده‌وڵه‌تی له‌ واشنتۆنی پایته‌ختی ئه‌مه‌ریكا، پرسی عێراق له ‌دوای نه‌مانی داعش ناونیشانی گفتوگۆیه‌ك بوو له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق، محه‌مه‌د عه‌لی ئه‌لحه‌كیم، په‌یوه‌ندیيه‌كانی نێوان واشنتۆن وبه‌غدا و كاریگه‌ریيه‌كانی ئێران له‌سه‌ر عێراق زۆرترین باسی گفتوگۆكه‌ بوون.

له ‌لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ كوردستان24 ده‌رباره‌ی هه‌ڵوێستی ئه‌مه‌ریكیيه‌كان له‌به‌رامبه‌ر بانگه‌شه‌ و داخوازيیه‌كانی چه‌ند كه‌سایه‌تی ولایه‌نێكی سیاسی له‌ عێراق بۆ چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، ئه‌لحه‌كیم دووپاتیكرده‌وه،‌ به‌غدا و واشنتۆن به‌رده‌وامی ده‌ده‌ن به‌ رێككه‌وتنه‌ ستراتیژی و سه‌ربازیيه‌كه‌ی نێوانیان.