داعش ھێرشی کردە سەر گوندێکی قەرەتەپە

"ھاووڵاتییەك بریندار و یەكێكی دیكەش بێسەروشوێنە"

K24 - گەرمیان

ھەرێم جاف، پەیامنێری كوردستان24 لە گەرمیان رایگەیاند: "شەوی رابردوو چەكدارانی داعش ھێرشیان كردووەتە سەر گوندێكی قەرەتە و گەمارۆیانداوە خەڵكی گوندەكەش خۆیان بەرگریان كردووە".

لەو بارەوە محەمەد عومەر بەرپرسی کۆمیتەی یەکیتی لە قەرەتەپە بە کوردستان24 راگەیاند: "چەکدارانی داعش ھێرشیان کردووەتە سەر گوندی سێف سەعد، دوای گەمارۆدانی گوندەکە لەلایەن چەكدارانی داعش و تەقاندنی چەندین گولـلە ئاربیجی بۆ گوندەکە شەڕ دەستیپێکرد، و دوای بەرگریەکی زۆری خەڵکی گوندەکە توانرا شكست بە ھێرشەكەی داعش بھێندرێت".

گوتیشی: "بە گوێرەی زانیارییەکان هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندەکە بەناوی غەزوان قادر عەلاوی، بریندار بووە. ھەروەھا ھاووڵاتییەکی دیكەی گوندەکەش بێسەروشۆینە گوماندەکریت چەکدارانی داعش ئەویان رفاندبێت".

ھ.م