به‌ریتانیا حیزبوڵڵای لوبنانی ده‌خاته لیستی تیرۆره‌وه
سه‌رجه‌م چالاكییه‌كانی ئه‌و حیزبه له به‌ریتانیا قه‌ده‌غه ده‌كرێن
K24- هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه، به‌ریتانیا ناوی حیزبوڵڵای لوبنانی به ته‌واوی ده‌سته سیاسی و سهربازییهكانیهوه خسته لیستی تیرۆره‌وه، له‌كاتێكدا كه پێشتر ته‌نیا باڵی سه‌ربازی ئه‌و حیزبه‌ی قه‌ده‌غه كردبوو.
به‌گوێره‌ی ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز، ساجد جاوید، وه‌زیری ناوخۆی به‌ریتانیا رایگه‌یاند، "گروپی حیزبوڵڵای لوبنانی به‌رده‌وامه له هه‌وڵه‌كانی بۆ ئاڵۆزكردنی دۆخی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و، ئێمه ناتوانین جیكاری له نێوان باڵی سه‌ربازی و سیاسی ئه‌و حیزبه‌دا بكه‌ین".
جاوید ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جیاكردنه‌وه‌ی هه‌ردوو باڵی ئه‌و حیزبه كارێكی ئه‌سته‌مه، بڕیارماندا ناوی هه‌ردوو باڵه‌كه بخه‌ینه لیستی تیرۆره‌وه"، گوتیشی: "ئه‌و بڕیاره پێویستی به ره‌زامه‌ندی ئه‌نجوومه‌نی گشتی به‌ریتانیا هه‌یه".
وه‌ك راشگه‌یه‌ندراوه، وه‌زیری ناوخۆی به‌ریتانیا داواكارییه‌ك له‌مباره‌یه‌وه ئاراسته‌ی په‌رله‌مانی وڵاته‌كه‌ی ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی باڵی سیاسی حیزبوڵڵاش بخاته لیستی رێكخراوه تیرۆریستییه قه‌ده‌غه‌كراوه‌كانی شانشینی یه‌كگرتوو.
ئه‌و بڕیاره‌ی به‌ریتانیاش بووه جێگای ره‌زامه‌ندی ئیسرائیل و له یه‌كه‌م هه‌ڵوێستدا جه‌لعاد ئه‌ردان، وه‌زیری ناوخۆی ئیسرائیل داوای له یه‌كێتی ئه‌وروپا كرد، هه‌مان هه‌ڵوێستی له‌نده‌ن به‌رامبه‌ر حیزبوڵڵای لوبنانی وه‌ربگرن.
جه‌لعاد ئه‌ردان له تویتێكدا له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر سوپاسی وه‌زیری ناوخۆی به‌ریتانیای كرد و رایگه‌یاند، "پێویسته له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌ی هه‌وڵ بۆ نه‌هێشتنی تیرۆر ده‌ده‌ن، ئه‌و جیاكارییه ساخته‌یه ره‌ت بكه‌نه‌وه، كه له نێوان هه‌ردوو باڵی سه‌ربازی و سیاسی حیزبوڵڵای لوبنانیدا ده‌كرێت، ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه یه‌كێتی ئه‌وروپا هه‌مان هه‌نگاوی به‌ریتانیا به‌رامبه‌ر به‌و حیزبه بنێت".
به‌م بڕیاره‌ی له‌نده‌ن، ته‌واوی چالاكییه ئاشكراكانی حیزبوڵڵای لوبنانی له به‌ریتانیا قه‌ده‌غه ده‌كرێن و به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانیش، دوای په‌سه‌ندكردنی ئه‌و بڕیاره له په‌رله‌مانی به‌ریتانیا، هه‌ر كه‌سێك هاوسۆزی بۆ ئه‌و حیزبه هه‌بێت یانیش هاوكاری و پشتیوانی بكات، سزای زیندانیكردن بۆ ماوه‌ی نزیكه‌ی 10 ساڵی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنرێت.
H.B